Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بۆ ڕێگریکردن لە کەمکردنەوەی مەترسیی بەبیابانبوون ڕێکاری پێویست دەگیرێتە بەر

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان گوتی، بۆ ڕێگریکردن لە بەبیابانبوونی ھەرێمی کوردستان چەندین ڕێکاری پێویست دەگیرێنە بەر و ئێمەش کۆمەڵێک پێشنیارمان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران، لەوانە پشتێنەی سەوزایی لە ھەموو پارێزگاکان و ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت.

ئازاد نووری عەوڵا، بەڕێوەبەری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کودستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەھۆی ئەوەی مەترسیی بەبیابانبوونی جیھان ھەیە، ھەرێمی کوردستانیش بەشێک دەبێت لەو مەترسییە، بۆیە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵا بە بەشداریی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەنجام درا، بۆ ئەوەی ھەرچی ڕێکاری پێویستە بگرینە بەر بۆ ڕێگریکردن لە بەبیابانبوونی ھەرێمی کوردستان.''

ئازاد نووری عەوڵا گوتیشی: ئێمە پێشنیارەکانی خۆمان ئامادە کردووە و داومانەتە ئەنجومەنی وەزیران کە لەوێ لیژنەیەک بۆ قەیرانەکان ھەیە، بۆیە ئەوان بڕیار دەدەن.''

عەولا ڕوونیشی کردوەوە: ''داوامان کردووە لە ھەموو پارێزگاکان پشتێنەی سەوزایی دروست بکرێت و دارستانی دەستکرد و ڕێژەی سەوزاییش زیاد بکرێت، ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە مەترسی لەسەر بەبیابانبوونی ھەرێمی کوردستان  کەم بکاتەوە.''

 

بڵند ئیبراھیم