Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆتایی ئەمساڵ پاسپۆرتی عێراق دەگۆڕدرێت

بەغدا-KDP.info- پڕۆسەی گۆڕینی پاسپۆرتی عێراقی دەستیپێکردووە و بەرپرسێکی پاسپۆرت و نشینگەی عێراقیش ئاشکرایکرد، پاسپۆرتی عێراقی دەبێتە ئەلیکترۆنی و کۆتایی ئەمساڵ دەگۆڕدرێت.

بەرپرسێکی باڵا لە پاسپۆرت و نشینگەی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پڕۆسەی گۆڕینی پاسپۆرتی عێراقی دەستیپێکردووە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ لەماوەی شەش مانگدا پاسپۆرتی نوێی عێراقی چاپ بکرێت و ئەو پاسپۆرتەی ئێستا ھەیە نامێنێ، چونکە کار بە سیستەمی نوێی پاسپۆرت دەکرێت".

لەبارەی گۆڕانکاریەکانەوە ئەو بەرپرسە دەڵێت: "شێوازی پاسپۆرتی عێراقی بەتەواوەتی دەگۆڕدرێت و پاسپۆرتی عێراقی ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو دەبێت، ھەم شێوە و قەبارەی دەگۆڕدرێت ھەمیش ناوەڕۆکی، ئەوەش ھەنگاوێکی باشە، لەبەر ئەوەی کەمتر دەرفەتی ساختەکاری تێدا دەمێنێ".

بەرپرسەکەی پاسپۆرت و نشینگەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "چەندین لیژنە سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی نوێی پاسپۆرت و بەپێی پلانی بەردەست تا کۆتایی ئەمساڵ گۆڕانکاریەکە کۆتایی دێت و سیستەمی نوێ دەکەوێتە کار، ھاوکات شێوەی مۆرلێدان نامێنێ لەسەر پاسپۆرت، واتا لە رێگەی سیم کارتەوە رەزامەندی لەسەر ھاتن و چوون دەکرێت، ھەروەھا سیستەمەکە سوودێکی زۆری دەبێت بۆ ھاووڵاتیان و حکوومەت".

 

قائید میرۆ