ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە، کێشەی گرانیی بەنزین چارەسەر بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد و بڕیار درا بەنزین بۆ ھەموو پارێزگاکان دابین بکرێت، هەم بەنزینی ٦٩٠ دیناری و هەم بەنزینی ٨٠٠ دیناری.
ئاری کاکە شین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمڕۆ لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چوو و بڕیار دراوە کە چارەسەری کێشەی گرانیی بەنزین بکرێت و ڕۆژانە بڕێکی باشی بەنزین دابین بکرێت، ھەم ئەو بەنزینەی نرخی ٦٩٠ دینارە و ھەم ئەوەی بە٨٠٠ دینارە، بۆیە ھەنگاوی باش نراوە و کێشەی بەنزین چارەسەر دەکرێت.''
ئاری کاکەشین گوتیشی: ''ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار لیتر بەنزینی ٦٩٠ دیناری بۆ ھەولێر و ٤٠٠ ھەزار لیتر بۆ سلێمانی و ٢٠٠ ھەزار لیتریش بۆ دھۆک و ، بڕیارە ڕۆژانە ملیۆنێک لیتر بەنزینی ٨٠٠ دیناریشمان بۆ دابین بکرێت، ئەمەش وا دەکات کێشەی گرانیی بەنزین نەمێنێت، چونکە تا بەنزینی ھەرزان هەبێت، خەڵک بە گران نایکڕێت.''
کاکەشین باسی لەوەش کرد: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەنزین بە گران دەکڕێت و بە نرخێکی ھەرزانتر دەیفرۆشێتەوە بە خەڵکی خۆمان، بۆ ئەوەی کێشەی بەنزین چارەسەر بکرێت.''
کاکە شین گوتیشی: ''ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژە کە بەنزینی ٨٠٠ دیناری بە ئێمە گەیشتووە و بەسەر خەڵکدا دابەشمان کردووە و کوالێتیی بەنزینەکەش زۆر باشە.''
بڵند ئیبراھیم