Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیارەكەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسند كرا

هه‌ولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی بڕیارێكی دەركردووە بۆ سەرجەم هاووڵاتییان كە قەرزاری حكوومەتن، دەتوانن تا سێ‌ مانگی تر قەرزەكان بدەنەوە و سوودمەندبن لە لێخۆشبوون.

ئەمڕۆ وەزارەتی شارەوانی بڵاوی كردووەتەوە، بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێك لە قەرزەكانی شارەوانی و ئاو و شوێنەوار و گەشتوگوزار بۆ سێ مانگ درێژ كرایەوە.

ئەو وەزارەتە باسی لەوەش كرد، بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزەكانی بواری شارەوانی، گەشتوگوزار، ئاو، شوێنەوار بۆ ماوەی سێ‌ مانگ كە لەمڕۆوە دەست پێ دەكات و تا 20/9/2022 بەردەوام دەبێت، هاووڵاتییانیش دەتوانن هەر ئێستا مامەڵەی سوودمەندبوون جێبەجێ بكەن.

روون كراوەتەوە، ئەو بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران كە بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لە 15ی حوەزیرانی 2022 بەڕێوە چوو، لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان، بڕیار درا بە درێژكردنەوەی بڕیاری لێخشبوونی قەرزەكانی حكوومەت، بە مەرجێك هاووڵاتییان لە ماوەی سێ مانگدا قەرزەكان بۆ حكوومەت بگەڕێننەوە.

بەگوێرەی فەرمانێكی ئەنجوومەنی وەزیران كە واژووی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە، بڕیارەكەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، پەسند كراوە بۆ درێژكردنەوەی لێخۆشبوونی قەرزەكانی حكوومەت، بەشێكی ئەو بڕیارە پێوەندی بە قەرزەكانی گەشتوگوزار، شارەوانی، ئاو و شوێنەوار هەیە، ئەم وادەیەش دوا دەرفەت دەبێت بۆ سوودوەرگرتن لەم ئاسانكارییەی حكوومەت و جارێكی تر درێژ ناكرێتەوە.

ئەو وەزارەتە رای گەیاندووە، پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی قەرزی شارەوانی، ئاو، گەشتوگوزار، شوێنەواریان لەلایە، بەزووترین كات سەردانی فەرمانگەكان بكەن، داودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بە هەموو شێوەیەك ئاسانكارییان بۆ دەكەن بۆ ئەوەی سوودمەند بن، بە پێچەوانەوە دوای ئەو سێ مانگە، ناتوانن سوودمەند بن و بڕیارەكەش درێژ ناكرێتەوە.

 

ڕامان وریا