Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئە‌لفوبێی ئاشتی و مرۆڤدۆستی

زکری موسا

وتاری سەرۆك بارزانی لە ڕێوڕەسمی ناساندنی كتێبەكانی پڕۆژەی دۆكیۆمێنتاریی شۆڕشەكانی بارزان لە شاری هەولێر گرنگ و مێژوویی بوو. سەرۆك بۆ هەموومانی شی كردەوە كە بنەماكانی ڕێبازی بارزانی چین.

ئەو ڕێبازەی كە سەدوپەنجا ساڵە زیندوو و بەردەوامە و بووەتە كۆڵەگەی سەرەكیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد. بارزان شازدە جار لە لایەن بریتانی و عوسمانی و حكوومەتەكانی عێراق سووتێندراوە و وێران كراوە. بەڵام هەموو جار بارزان هەستاوەتە سەر پێ و بەهێزتر لە جاران بەردەوام بووە. بارزانییەكان ئەنفال كران، ئاوارە و دەربەدەر بوون بەڵام كۆڵیان نەدا و تووشی نائومێدی نەبوون و خۆیان بەدەستەوەنەدا. بۆچی وایە؟

چونكە خاوەنی ڕێبازێكی دەوڵەمەندن كە تژییە لە هەست و بیر و عیرفانێكی ڕەسەن و خۆماڵی و، ڕەگی قووڵی لە ویژدانی بارزانییەكان و كورددا داكوتاوە. بۆیە قەت خۆیان بەدەستەوە نەداوە و هەر بۆیەشە ئەمڕۆش سەرۆك بە ناحەزان و نەیارانی كوردی گوت “تەسلیم نابین”.

ڕێبازەكە لەسەر بنەمای خوداپەرستی و مرۆڤدۆستی بنیات نراوە. بڕوای بەوە نیە ئایین بسەپێندرێت بەڵكو بەلای بارزانەوە ڕەوشتبەرزیی مرۆڤەكان دینی مرۆڤەكانە. عەقیدەی بارزان زۆر بەر لەوەی ئایدیۆلۆژیاكان درۆزنانە جاڕی یەكسانیی مرۆڤەكان بدەن، گوتویەتی لە مرۆڤایەتیدا هەموومان براین. لە عەقیدەی بارزاندا موسڵمان و جوولەكە و مەسیحی ڕاستە لە ئاییندا جیاوازن بەڵام لە ئینسانیەتدا هاوبەش و هاوخەمی یەكترین. ئەمە ئەلفوبێی ئاشتی و مرۆڤدۆستیی ڕاستەقینەیە.

عەقیدەی بارزان كۆڵەگەیەكی تریشی هەیە. ئەویش بەرەنگاربوونەوەی ستەمكارانە. بارزان ئەوە بە ئەركی سەر شانی هەموو كەسێك دەزانێ كە نابێ بەرانبەر ستەمكار و داگیركاردا بێدەنگ بن. لە عقیدەی بارزاندا سرووشت و ژینگە بەشێكی دانەبڕاوی ژیانی مرۆڤەكانە. ژینگە دایك و نیشتیمانە و دەبێ وەك گلێنەی چاو بپارێزرێت. ئێستا دەبێ زۆر چاك لە حیكمەتی ئەو بنەمایەی بارزان بگەین كە دەبینین تێكچوونی ژینگە بۆتە هەڕەشە و پرسێكی جیهانی كەچی سەد و پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا لە بارزان خۆشەویستیی و پاراستنی ژینگە ئەرك بووە و خەڵك بە عەشقەوە ئەركی پاراستنی ژینگەیان ڕاپەڕاندووە. ئەوە لە بارزان بووە پێكەوەژیانی ئایینی گەیشتووەتە لووتكە و ئەم بڕوایە ئەوەندە قووڵ بووە و بە شێوەیەك ڕەنگی داوەتە سەر ژیانی ئاسایی كە كەس نەیدەتوانی لەڕووی جل و بەرگ و پێگە و هەڵسوكەوتەوە خەڵكی موسوڵمان مەسیحی و ئایینەكانی تر لە بارزان لێك جیا بكاتەوە.

لە بارزاندا خەباتی كورد لە قەپێلكی عەشیرەت و بازنەی تەسكی ناوچەگەرێتی ڕزگاری بوو و هاتە نێو بازنەی فراوانی نەتەوە و وڵات. لە هەر شوێنێكی كوردستان خەبات دژی زاڵم و داگیركار هەبووبێت ئەوە دەستی یارمەتیی بارزانیەكانی پێ گەییشتووە و فیداكارانە یارمەتیی براكانیان داوە لە جیۆگرافیای پانوبەرینی كوردستان كورد خاوەنی ئەو عەقیدە و كولتوورە دەوڵەمەندەیە كە لە یەك كاتدا هەم زۆر ئینسانیە هەمیش نوێخواز و سەردەمیانە. جێگەی سەرسووڕمانێكی زۆرە لەناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەنێو ململانێی هێزی داگیركار و زاڵمان و لە نێو دووكەڵی شەڕ و بۆنی باڕووت و خوێندا میڵەتێك هەبووبێت ئەوها پابەند بێت بەو بنەمایانەی سەروەریی و كەرامەتی مرۆڤ دە‌پارێزن.