Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

''ئەمڕۆ ٧٥ ساڵ بەسەر پەڕینەوەی بارزانی نەمر لە ئاوی ئاراس تێ دەپەڕێت"

هەولێر -KDP.info- بەر لە ٧٥ ساڵ و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە ئاوی ئاراس پەڕینەوە بۆ سۆڤیەتی پێشوو، پسپۆڕێکی مێژووی عێراقیش پێی وایە، پەڕینەوەی بارزانی و بارزانییەکان لە ئاوی ئاراس، ڕووداوێکی مێژووییی گەورەیە و پێشوازیی عێراق و میسر لە گەڕانەوەی بارزانی دەرخەری ئەو ڕاستییەن.

دوای ئەوەی کۆماری کوردستان شکستی ھێنا و بارزانیی نەمر لەگەڵ ٥٠٠ جەنگاوەری بارزانی ئامادە نەبوون، خۆیان ڕادەستی ھیچ وڵاتێک بکەن و لە سنوورەکانی عێراق مانەوە، دواجار بارزانیی نەمر بڕیاری دا بچێتە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و سنووری سێ وڵاتی بڕی تا گەیشتە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو.

د. شێرزاد زەکەریا، پسپۆڕ لە مێژووی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە ئاوی ئاراس ڕووداوێکی مێژوویییە، چونکە بۆ ئەو سەردەمە بارزانیی نەمر تەحەدای وڵاتانی ناوچەکەی کرد و دوای خۆڕادەستکردنی قازی محەمەد، بارزانی و بارزانییەکان ئامادە نەبوون خۆیان ڕادەستی ھیچ وڵاتێک بکەن.''

ڕۆژی ١٨/٦/١٩٤٧ بارزانی و ٥٠٠ جەنگاوەری بارزانییەکان لە ئاوی ئاراس پەڕینەوە و پەڕینەوەی بارزانییەکان لە جیھان دەنگی دایەوە و پیرەمێردی شاعیر بە بۆنەی پەڕینەوەی بارزانی لە ئاوی ئاراس بە شیعرێک ھاوسۆزیی خۆی بۆ بارزانی دەربڕی و دەڵێت:

عەشرەت ھاوارە، عەشرەت ھاوارە

کەوتوومە ئاراس، ئاو بێ بوارە

ڕێم نییە منیش شوێن ئەوان بکەوم

پیرم ھەنگاوێک بنێم ئەکەوم

ئەو پسپۆڕەی مێژووی عێراق گوتیشی: ''لەو سەردەمەدا بارزانیی نەمر بە بەزاندنی سنووری چەند وڵاتێک توانیی خۆی بگەیەنێتە سنووری سۆڤیەتی پێشوو، بێگومان بڕیاری مان و نەمان لەلایەن بارزانیی باوکەوە درا، چونکە ئەگەر بارزانیی نەمر خۆی ڕادەستی عێراق بکردایە، ئەوە کێشەکە زۆر گەورەتر دەبوو، بەڵام بارزانی ئامادە نەبوو خۆی ڕادەستی سێ دەوڵەتی ناوچەکە بکات.''

د. شێرزاد زەکەریا ڕوونی کردەوە: "لەو ماوەیەی بارزانیی نەمر لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو مایەوە، پاشگەز نەبووەوە لە ئەو باوەڕەی ھەیەتی، چونکە ئەوکات شیوعیەت زۆر بەھێز بوو، بەڵام بارزانی ھەر لەسەر بیری نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی مایەوە تا ئەو کاتەی گەڕایەوە بۆ عێراق، گەڕانەوەی بارزانیی نەمریش بووە ڕووداوێکی مێژوویی، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی باڵا لە عێراق و میسر پێشوازی لە بارزانی و ھەڤاڵانی کرا، ئەمەیش دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو کە بڕیاری بارزانیی نەمر، بڕیارێکی دروست بووە لەو کاتەدا.''

قائید میرۆ