Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر داواكارییەكەی وەزارەتی ناوخۆ رەزامەندیی دا

هه‌ولێر-KDP.info- لەسەر داوای وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی داوە لەسەر ئەوەی ئەو كارمەندانەی حكوومەت، كە ئۆتۆمبێلی حكوومییان لایە، خۆیان سزای تیژڕەوی و سزاكانی دیكەی سەرپێچیی هاتوچۆ بدەن.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ، كە كۆپییەكی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان كەوتووە، بڕیار دراوە، كە ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلی حكوومییان لایە، دەبێت خۆیان سزای تیژڕەوی و لێدان لە كامێرای هاتوچۆ و سەرپێچییەكان بدەن، نەك فەرمانگەكانیان.

بەپێی نووسراوەكە، كە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە و تیایدا هاتووە، "لەپێناو پابەندبوون بە رێنوێنییەكانی هاتووچۆ و بۆ ئەوەی ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمێلەكانی میری بەكار دێنن، پابەندی رێنوێنییەكان بكەن، نابێت نووسراوی لێخۆشبوون لە سزاكانی تیژڕەوی و سزاكانی سەرپێچیی هاتووچۆ بەرز بكرێتەوە، بەڵكوو شۆفێرەكان پێویستە پابەند بكرێن، كە هەركەس سەرپێچی بكات خۆی سزاكە بدات، نەك دامەزراوەكانی میری".

ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان لەسەر داواكارییەكەی وەزارەتی ناوخۆ، رەزامەندیی داوە و بە نووسراوێك، كە كۆپییەكی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان كەوتووە و بۆ وەزارەتەكان و پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و گشت فەرمانگەكان نێردراوە، جەخت لەسەر ناوەڕۆكی نووسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ كراوەتەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردووەتەوە، ئەو شۆفێرانەی ئۆتۆمبێلی میرییان لایە، دەبێت پابەندی رێنوێنییەكانی سەلامەتیی خۆیان و سەلامەتیی گشتی بن.

سزای لێدان لە كامێرای هاتوچۆ 60 هەزار دینارە و بەپێی خێرایی ئۆتۆمبێلیش بڕی سزاكە زیاد دەكات، تاوەكوو سەرووی 200 هەزار دینار، چەند سەرپێچییەكی دیكەی هاتووچۆش هەن، سزای تایبەتیان هەیە، وەكوو لێدان لە گڵۆپی سوور و راگرتن و پێچكردنەوە لە شوێنی قەدەغە.

 

ڕامان وریا