Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەیلان حاجی سەعید: ڕێککەوتنی لایەنەکان کاریگەریی لەسەر جووڵەی بازاڕ دەبێت

هەولێر -KDP.info- دوای کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی ڕەوشی بازاڕ بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و بەرپرسێکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستانیش دەڵێت، ھەموو ڕێککەوتنێکی سیاسی، کاریگەریی لەسەر بازاڕ و جووڵەی بازرگانی ھەیە.

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان لە ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تێکچوونی ڕەوشی سیاسی و ھەبوونی گرژی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کاریگەریی لەسەر کەرتی بازرگانی و زۆربەی کەرتەکان ھەیە، چونکە دەبێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی نیگەرانی و ڕاگرتنی جووڵەی بازاڕ و بازرگانی، لەبەر ئەوەی کۆبوونەوەی ڕابردوو تەنیا یەک کۆبوونەوە کراوە و ئەنجامی دیار نییە، ھێشتا کاریگەریی دیار نییە لەسەر بازاڕ.''

ئەو بەرپرسەی بازرگانان دەشڵێت: "ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بگەنە ڕێککەوتن و پرۆسەی سیاسی ئاسایی ببێتەوە، کاریگەریی لەسەر جووڵەی بازاڕ دەبێت، چونکە بێگومان ھەموو ڕێککەوتنی سیاسی، کاریگەریی لەسەر ڕەوشی بازرگانی دەبێت.''

سەرھنگ حامید، بازرگانی خانووبەرە لە شاری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی و کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی جووڵە کەوتووەتە بازاڕ بەگشتی و بازاڕی خانووبەرە بەتایبەتی، لەڕووی نرخەوە گۆڕانکاری ڕووی داوە و خواستیش زیادی کردووە، ئەگەر بگەنە ڕێککەوتن و کێشەکان چارەسەر بکرێن، دوای ساڵێک زیاتر لە وەستانی بازاڕ ئەوە کاریگەریی خۆی دەبێت.''

ئەو بازرگانەی شاری ھەولێر ڕوونی کردەوە: "پێشبینی دەکەین لە ڕۆژانی داھاتوو لەگەل بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لایەنەکان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕ پەیدا ببێت و گەشبینین بەوەی داھاتوویەکی گەش لەپێش بازاڕی ھەرێمی کوردستانە، لەبەر ئەوەی کێشە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر بازاڕ ھەیە، خەڵکێک پارەی ھەیە و دەیەوێت بیخاتە بازاڕەوە، بەڵام کاتێک ڕەوشی سیاسی ئاڵۆزیی تێ دەکەوێت، خەڵک و بازرگانانیش ترسیان بۆ پەیدا دەبێت و خۆیان دەکێشنەوە لە بازاڕ.''

 

قائید میرۆ