Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هۆشیار سیوه‌یلی، پێشوازی لە دۆستی گەلی کورد ئێرلینگ فۆلکڤۆرد كرد

ھەولێر-KDP.info- لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن بەرپرسی مەکتەب و دیسکی ئەوروپای پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی کرد لە (ئێرلینگ فۆلکڤۆرد) سیاسەتمەدار و نووسەری ناسراوی نەرویژی و دۆستی گەلی کورد و پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی نەرویژ لە ساڵانی نێوان ١٩٩٣-١٩٩٧ لەسەر لیستی پارتی چەپی ئەم وڵاتە. 

ئێرلینگ فۆلکڤۆرد سیاسەتمەدار و نووسەری ناسراوی نەرویژی خاوەنی بیست پەرتووکی چاپکراوە کە ٢ پەرتووکی بە تایبەتی لەسەر کورد و کوردستان بە زمانی نەرویژی لەچاپ داوە سەبارەت بە ڕابردوو و ئێستا و ئایندەی دۆزی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٠٨ یەکەم دیمانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مام جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری عێراق ئەنجامداوە، ناوبراو ناسراوە بە دۆستی گەلی کورد و دەیان بابەتی ڕۆژنامەگەریشی لەسەر کورد بڵاوکردۆتەوە و چەندین جار سەردانی ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانیشی کردووە، ھاوکات سەرۆکی ڕێکخراوی پشتیوانی کوردستانە لە نەرویژ کە لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە لە نوێنەرانی چەندین پارتی نەرویژی و کەسانی نوخبە و چالاکوانی نەرویژی دۆستی گەلی کورد و چالاکوانانی کورد لەم وڵاتە  پێکھاتووە، لە ڕێگەی چەندین ڕێکخراوی نەرویژییەوە بەتایبەتی نۆرڤاک و ( ن.پ.ا) ھەروەھا ھاوکاری مرۆیی بۆ ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان ناردووە، بەھۆی ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەی لەگەڵ ناوبراودا ھەیە لە ھەموو سەردانەکانیدا ھاتۆتە مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و ڕاو ھەڵوێست و تێروانینی پارتی بەلاوە گرنگ بووە. 

لە دیدارێکی دۆستانەدا لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی گوێبیستی ھەموو ڕاو سەرنجەکانی ناوبراومان کرد لەسەر پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی شاھانەی نەرویژ و پرسەکانی ناوخۆیی و پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتی ھەرێمی کوردستان و ئێستا و ئایندەی ھەرێمی کوردستان و لەسەر دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە و دۆخی ئاوارەکانی کوردانی ئێزیدی لە شنگال و شەڕ و پەلامارەکانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان کە زیانی زۆری بە خەڵکی سڤیل و گوندەکانی سەر سنوور و ئاسایش و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان گەیاندووە کە وەڵامی ھەموو پرسیارەکانیشی درایەوە.

لەم سەردانەیدا ڕاپۆرتیکی ڕۆژنامەوانی لەسەر دۆخی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە  بۆ ھەفتەنامەی (Tid &Dag / ڕۆژ و کات) ئامادە دەکات و دیدار و چاوپێکەوتنیش لەگەڵ چەندین کەسایەتی و دامەزراوەی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات.