Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

با هەموومان پشتیوانی كاری دڵسۆزانه‌ بین

سەلام عەبدوڵلا

لە ساڵی 1987 دا و دوای شەڕێکی نەخوازراوی ماڵوێرانکەر، بەرەی کوردستانی لە نێوان حزبە کوردییەکانی کوردستان عێراقدا دامەزرا، کە کارەکتەری سەرەکی پارتی و یەکیەتی بوون و لەمەودوا زۆربەی زۆری لایەنەکانی سەر ساحەی سیاسی بەشدارییان تیدا کرد، ئەگەرچی ئەم بەرەیە باڵانسی هێزی لەگەڵ حکوومەتی عێراقیدا نەگۆڕی، چونکە لە ساڵی 1988 جەنگی ئێران و عێراقدا کە ماوەی 8 ساڵ بەردەوام بوو، کۆتایی هات و بەمەش دەستی سوپای عێراق بەرانبەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان واڵا بوو، ھەروەک بە هۆی ئەم شەڕەوە عێراق بە پشتیوانی دارایی وڵاتانی کەنداو و سعودیە و پشتیوانی سەربازیی رۆژئاوا، ببووە خاوەن چەکێکی زۆری کوشندە و قڕکەر، بۆیە بەرەی کوردستانی لە رووی گۆڕینی باڵانسی هێز، کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام زەمینەیەکی لەباری ئاشتیسازی رەخساند بۆ کاری هاوبەشی لەمەودوا.

دوابەدوای کشانەوەی عێراق لە کوردستان و وەدەرنانی لە کوێت، زەمینەی رەخساند بۆ یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان و لەمەودوا دروستکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بەڵام مانەوەی هێزی سەربازی حزبەکان و دەزگا ئەمنییەکانیان کە دەبوو دوای دامەزراندنی حکوومەت تێکەڵ و یەکبگرنەوە ئەنجام نەدرا، بۆیە هەر لە سەرەتاوە دیاردەی دوو ئیدارەیی دەبینرا، بەتایبەتی کە بڕیاڕی پەنجا بە پەنجا دابەشکردنی دەسەڵات درا.

بوون و مانەوەی هێزی سەربازی و ئەمنی لای حزبەکان لە کاتی بەرەدا کارێکی ئاسایی بوو، بەڵام کە حکوومەت دامەزرا، دەبوو یەک سوپا و یەک دەزگای ئەمنی و یەک بڕیاری سیاسی، بەتایبەتی کە سەرۆکایەتی هەرێم دامەزرا، ببوایە. کە بەداخەوە وا نەبوو، هەر بۆیە ئەو شەڕ و ناخۆشییە کە چەندین ساڵی خایاند بەردەوام بوو، کە زیانێکی زۆری لە هەرێم دا.

ئێستا، دوای 30 ساڵ کە سەرۆکی هەرێم داوای ئەو یەکبوون و یەکڕیزییە، بەتایبەتی لە یەکیەتی و پارتی و حزبەکانی نێو هەرێم دەکات و سێ خاڵی گەوهەری دەستنیشان دەکات بۆ سەرکەوتن و خۆڕاگرتنی قەوارەی هەرێم، کە بریتین لە یەکگرتنەوەی هێزی سوپای حزبەکان و دەزگا ئەمنییەکان کە دەبێ لە ژێر چاودێری وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمدا بێت و بەشداری پێکردنی هەموو پێکهاتەکانی هەرێم لە هێزی پێشمەرگەدا و لە ھەمووشی گرنگتر دەستێوەرنەدانی حزبەکان بێت لە ھێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان و ئێدارەدان، کە ئەمە هەنگاوێکی دروست و چارەنووسسازە و دەبێ لەمە زیاتر دوا نەکەوێت.

دیارە رێکخستنەوەی دۆخی دارایی هەرێم و یەک خەزێنەیی داهات و خەرجی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەبنە بنەمایەکی گرنگ بۆ پشتیوانی هەرێم و بەهێزبوونی و خۆڕاگرتنی بەرانبەر پیلان و نەیارانی، بۆیە هەموو دەبێ پشتیوانی ئەو هەوڵە نیشتمانییە بکەین و زەمینەی سەرکەوتن بڕەخسێنین.