Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دوو پسپۆڕ شیکاری بۆ بەشداریی مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی داڤووس دەکەن

هەولێر-KDP.info- شارەزایانی سیاسی پێیان وایە، هەرێمی کوردستان ناوەندێکی دیار و گرنگە لە جیۆسیاسی و ئەمنییەتی ناوچەکەدا و ئێستا جیهان بە گرنگییەوە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان، چونکە شوێنیکی دیار و گرنگە و توانیویەتی خۆی بسەلمێنیت و لە گۆڕەپانێکی جەنگ و ململانێیەکاندا توانیویەتی بە پارێزراوی بمێنیتەوە و ببێتە ناوەندێکی ئابووریی گرنگی جیهانی و پێشیان وایە، ئێستا چاوی وڵاتان زیاتر لە سەر هەرێمی کوردستانە کە توانیویەتی دەستی وڵاتانی جیهان بگرێت بۆ ئەوە بێنە هەرێمی کوردستان.

د. پەروێز ڕەحیم، شارەزای ئاسایشی نەتەوەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا گرنگییەکەی لەمەدایە کە کورد تا ئێستا دەوڵەت نییە و بەشدار دەبێت لە کۆڕبەندێکدا کە تێیدا هەیکەلیەتی ئاسایشی جیهان باس دەکرێت و کەسایەتییە سیاسییە ناودار و کاریگەرەکانی جیهان پشکدار دەبن، یەکێک لە پرسە گرنگەکانی کۆڕبەندەکە ئابوورییە، بەڵام دوای جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیا جیهان بەرەو قەیرانێکی تر ڕۆیشت، لەم نێوەنەشدا پێشبینیی ئەوە دەکرا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگیی نەماوە، بەڵام بە پیچەوانەوە گرنگییەکەی گەورەتر بوو، ئەویش بەهۆی وزە و شەڕی دژی تیرۆر و لە نێویشیاندا هەرێمی کوردستان گرنگییەکی گەورەی هەیە، ئەویش بەهۆی ئەوەی شەڕی دژی تیرۆر کردووە و بەشێکە لە ئەمنیەتی عیراق و ناوچەکە و لە لایەکی تریشەوە، بەشدارە لە نەخشەی وزەی جیهانیدا، بۆیە بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، مەسروور بارزانی، وەک کاراکتەرێکی دیاری بواری ئاسایش و ئیدارەکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا گرنگییەکی گەورەی هەیە، چونکە دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکان پتەوتر بکات.''

گوتیشی: ''دوای ئەوەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجومەنی ئاسایش زۆربەی تەرخان کرابوو بۆ هەرێمی کوردستان، سەرەڕای گلەیی و هۆشداریی، دیوە ئیجابییەکەیشی ئەوە بووە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەندە بە سەقامگیریی عێراقەوە، چونکە ئەو گوشارەی لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنەکان هەیە، پێویستی بە یەکڕیزییە بۆ ئەوەی کورد ئاسۆ و تێڕوانینی بۆ ئایندەی هەبێت، چونکە ئێستا جیهان چاوی لە هەرێمی کوردستانە و وڵاتان پێویستیان بە ئێمەیە.''

هەر لەم بارەیەوە، د. هەوار نێروەیی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی دهۆک، دەڵێت: ''لەم کۆڕبەندەدا زۆربەی سەرکردە جیهانییەکان پشکدار دەبن، ئەم کۆڕبەندە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ دانوستاندنی سەرکردە سیاسییەکان بۆ ئەوەی دانوستاندن و نزیکبوونەوە و ڕیککەوتن لە نێوان لایەن و سەرکردەکاندا دروست بێت، بەتایبەت ڕیککەوتنە ئابوورییەکان، لەم کۆڕبەندەدا سێ پرسی گرنگ دەخرێنە ڕوو: یەکەم: میژوو لە چوارچێوەی سیاسەتی حکوومەتەکان لەنێو سیاسەتە نێودەوڵەتییەکاندا، دووەم: حکوومەتەکان و داموزەگاکانیان و، سێیەم: ستراتیژییە ئابوورییەکان لە نێوان وڵاتاندا.

لە کۆتاییشدا گوتی: ''ئەگەر باسی حکوومەتداری و دەوڵەتداری بکەین لە سیستمە جیهانییەکاندا یەکێک لە بابەتە هەرە سەرەکییەکان لە داڤووس بابەتی شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیایە، چونکە ئەمە بابەتێکی گەورە و گرنگی جیهانییە و وڵاتان ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بوون و مژارێکی گەورەیە کە ڕوئیای جیهانی بۆ پێشەڕۆژی ئەم شەڕە چی دەبێت، نوێنەرانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین پشکدار دەبن و سەرۆکوەزیران، مەسروور بارزانی لەم کۆڕبەندەدا بەشدار دەبێت و ئەمەش پشتگیریکردنی پرۆژەی وەبەرهێنانە لەلایەن سەرکردەکانەوە لە هەرێمی کوردستان و پشتگیریکردنی وەبەرهێنان واتای پشتیوانیی پیڤاژۆی سیاسی و پشتگیریی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و ڕاکێشانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهانە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوە نەوت و گاز بۆ بازاڕە جیهانییەکان و پشتگیریی نێودەوڵەتییە و پاراستن و ئاسایش بە دوای خۆیدا دەهێنیت.''

کــاروان باعەدری