Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پێویستە یوئێن و ھاوپەیمانان ھەڵوێستیان ھەبێت"

ھەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان گوتی، بە بەرچاوی ئیدارە و ھێزە ئەمنییەکانەوە تەعریب دەکرێت و ڕێگایان بۆ خۆش دەکرێت، بۆیە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بە یەکڕیزی و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ دەکرێت و پێویستە یوئێن و ھاوپەیمانانیش ھەڵوێستیان ھەبێت و بێدەنگ نەبن.

دژوار فایەق، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''چارسەرکردنی پرۆسەی تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکان بە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و یەکڕیزیی کورد ڕێگری لێ دەکرێت و بە نوێنەرانی کورد و ئەوانەی بەشدارن لە حکوومەت و وەفدەکانی حکوومەت و لیژنەکانی ھەماھەنگیی نێوان حکوومەتی ھەرێم و بەغدا چارەسەر دەکرێت و کۆمەڵێک ڕێککەوتن و بڕیاری پەرلەمانی عێراق ھەیە کە بڕیارەکانی ڕژێمی بەعسن دژی کورد و ھەندێکی دەرچووە و ھەندێکی دەرنەچووە، ئەوەی دەرچووە جێبەجێ بکرێت و ئەوەی دەرنەچووە ھەموار بکرێتەوە، ئەوەی ئێستا ھەیە حکوومەتی کاربەڕێکەرە و حکوومەتی داھاتوو پێویستە بڕوای بە دەستوور و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی کورد ھەبێت، لەوانە کێشەی ناوچە کوردستانییەکان.''

دژوار فایەق گوتیشی: پێویستە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تازە و لە کۆبوونەوەکانی حکوومەتدا وەزیرەکانی ئێمە ڕۆڵی خۆیان ببینن و ڕاگەیاندنیش ڕۆڵی خۆی ببینێت لە ھەموو ئەو بڕیارانەی دەرچوون و ئەو کێشانەی لە ناوچە کوردستانییەکان دروست بوون، چونکە لە ھەندێک شوێن لە کەرکووک کە عەربی ھاوردە قەرەبووشیان وەرگرتووە لە مادەی ١٤٠، کەچی ڕێگا بۆ ھاوردەکردنەوەی عەرەب خۆش دەکرێت کە بێنەوە کەرکووک و بۆ ناوچەکانی سەرگەڕان و مەخموور و داقووق، ئیدارەش ڕێگری ناکات و بە بەرچاوی ھێزە ئەمنییەکانەوە ئەوێش تەعریب دەکرێت و شەڕ بە کورد دەفرۆشن و چاوپۆشیی لێ دەکەن.''

فایەق باسی لەوەش کرد: ''ئەوە زۆر ستراتیژییە کە کورد لە بەغدا بەجددی کاری لەسەر بکات و خاڵی دووەم پێویستە یوئێن و ھاوپەیمانان بێنە سەرخەت و ئاگاداریان بکەنەوە، ئەمە غەدرێکە دەکرێت و نابێت بکرێت و پێویستە ڕێگریی لێ بکرێت و تەنانەت ئەو جۆرە کەسانە لەو ناوچانە نەمینێن، ئەمە ڕەنگە کاتی بوێت، بەڵام بە یەکڕیزیی کورد دەکرێت، بۆیە پێویستە نوێنەرانی کوردیش بێدەنگ نەبن و داکۆکی لە مافی ئەو خەڵکە بکەن.''

 

بڵند ئیبراھیم