Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حەسەن مستەفا: ھەرێم قورسایی ئەوەی ھەیە نوێنەری ھەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان چەند داواکاریەکی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و، پسپۆرێکی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانیش پێی وایە، داواکاریەکانی سەرۆکی ھەرێم لەجێی خۆیەتی و دەشڵێ، پێویستە ھەرێم ئەندامی چاودێری ھەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

نێچیرڤان بارزانی، لە نامەیەکدا ژمارەیەک داواکاری ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و تێیدا داوای کردووە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی ھەبێت لە دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، ھەروەھا نێچیرڤان بارزانی داوای کردووە نەتەوە یەکگرتووەکان ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بکات لە بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی داھاتووی ھەرێم.

حەسەن ئەحمەد مستەفا، پسپۆری ئەکادیمی لە پەیوەندی نێودەوڵەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھەرێم قورسایی ئەوەی ھەیە نوێنەری ھەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لەڕووی یاساییەوە ھیچ کێشەی نیە، ھەرێمێکی وەک کوردستان کە بەشێکە لە عێراق دەکرا ئەندامی چاودێری ھەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێداویستی ستراتیژی ئەوەیە بەشداری زۆر کۆبوونەوەمان بکردایە تا ئەوکاتەی شەڕ لە عێراق کۆتایی دێت، ئێمە ھەندێک لە دوورەوە وەستاوین کەچی ئەرکی قورس زۆربەی لەسەر شانی ئێمەیە".

ئەو پسپۆرەی پەیوەندی نێودەوڵەتی گوتی: "ئەمڕۆ بۆ پرۆسە سیاسیەکان پێویستە ئێمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باشتر بێنینە نێو قوڵایی پرۆسە سیاسیەکان، بەتایبەتی ئەگەر چاودێری ھەڵبژاردنەکان بکەن، بەڵام ئەگەر چاودێری ھەڵبژاردنیش ھەبێت ھەرێمی کوردستان و عێراق سیستەمێکی ناوخۆیی نەبێت واتە پشتیوانیشمان بکەن کاریگەری ئەوتوی نابێت".

حەسەن ئەحمەد مستەفا ڕوونیکردەوە: "داواکاریەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئێجگار لەجێی خۆیەتی، ئێمە ئەگەر بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی بێنینە نێو ھەرێمی کوردستان زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئاسایشی جیھانی و ئاشتی ھەرێمی، چونکە ھەرێمی کوردستان وڵاتانی ھاوسنووری لەیەک دابڕیوە و لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە بەریەکەوتنیان ھەیە، ھەرێمی کوردستانیش خەریکی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتی خەڵکەکەیەتی و بەشێکە لە ئاشتی ناوچەکە، پێشتریش کاک نێچیرڤان داوای لە لایەنە سیاسیەکان کردبوو ئەوەی بەیەکەوە بەدەستان دەکەوێت زۆر زیاترە لەوەی یەک بەیەک دەستان دەکەوێت".

بڕیارە لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داواکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بخرێتەڕوو دەنگی لەسەر بدرێت.

 

قائید میرۆ