Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مونا قەھوەچی: ئەم ھەفتەیە فراکسیۆنەکان دانوستان دەکەن

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەم ھەفتەیە دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆببنەوە و سکرتێری پەرلەمانیش دەڵێ، کۆدەنگیەک ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و لە کۆبوونەوەی ئەمجارە شێوازی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری دەکرێت.

مونا قەھوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پەرلەمان رێکاری پەیڕەوی خۆی جێبەجێدەکات بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و دوای کۆبوونەوەی ھەفتەی رابردوو بڕیارە ئەم ھەفتەیە کۆبوونەوەی نێوان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، تا ئالیەتێک بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دیاری بکرێت".

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: "ئەم ھەفتەیە سەرجەم فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دانوستان دەکەن بۆ ئەوەی ڕاوێژ بکرێت لەبارەی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان، واتە راو بۆچوونی سەرۆک فراکسیۆنەکان وەردەگیرێت، تا شێوازی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی داھاتووی پەرلەمان دابنرێت".

لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم کۆبوونەوەی پەرلەمان، مونا قەھوەچی روونی کردەوە: "من ناتوانم پێش رووداوەکان بکەوم، چونکە پێویستە چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەم ھەفتەیەی نێوان سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکان بکەین، بەڵام کۆدەنگی ھەیە لەسەر دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و لە کۆبوونەوەی رابردووی دەستەی سەرۆکایەتی بڕیاردراوە دەست بە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکرێت".

 

قائید میرۆ