Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی شارەوانی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بەو زەویانە ده‌دات

ھەولێر-KDP.info- دوای ڕاگرتنی بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک، وەزارەتی شارەوانی پێدانی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بەو زەویانەی کارتن کردەوە و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی ھەولێریش دەڵێ، زیاتر لە ٢٥ ھەزار ھاووڵاتی سوودمەند دەبن.

سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پێشتر پێدانی مۆڵەتی خانوو بەو زەویانەی کارتن و تاپۆ نین لە سنووری شارەوانیەکان ڕاگیرابوو، بەڵام بە بڕیاری وەزارەتی شارەوانی پێدانی مۆڵەت بە زەوی کارت دەستی پێکردووتەوە و ھەر ھاووڵاتیەک زەوی ھەبێت و کارتبێت دەتوانێت داوای مۆڵەتی خانوو بکات لە سنووری شارەوانی خۆی".

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی ھەولێر گوتیشی: "لە سنووری گشت سەرۆکایەتی شارەوانیەکانی ھەولێر، کە ھەموو قەزا و ناحیەکانی پارێزگای ھەولێر دەگرێتەوە ژمارەیەکی زۆری کارت ھەیە، بەڵام لەھەندێ شوێن کارت دابەشکراوە، ئەوانەی دەتوانن سوودمەندبن لەو بڕیارەی دروستکردنی خانوو سەرەوەی ٢٥ ھەزار کەس دەبێت".

لەبارەی مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی خانوو، سەرتیپ خالید ڕوونی کردەوە: "پێویستە داواکار نەخشەی کەرتی پەسەندکراوی ھەبێت بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، ھەروەھا وردبینی بکرێت لە داوای مۆڵەتەکەی، نابێت پێشتر ئەو کەسە سوودمەندبێت، پێدانی مۆڵەتی بە زەوی کارت لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیانە و ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی چاوەڕێی کردنەوەی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بوون و داوایان لە شارەوانیەکان دەکرد".

 

قائید میرۆ