Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سێ‌ هەزار و 500 ناوچەی مەترسیدار لە هەرێمی كوردستاندا راگەیەنران

ھەولێر-KDP.info- دەستەی مین بڵاوی كردووەتەوە، ناوچە مینڕێژكراوەكان بە رووبەری 776 كیلۆمەتر دیاری كراون، كە بەهۆیانەوە زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.

ئەمڕۆ دەستەی مین بڵاویكردووەتەوە، هەرێمی كوردستان یەكێكە لە ناوچە مەترسیدارەكان بەهۆی پیسبوونی بە مین و پاشماوەی جەنگی، بە ڕووبەری 776 كیلۆمەتر دووجا خاكەكەی پیس كراوە بە مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگییە نەتەقیوەكان، لەلایەن دەزگای گشتی كاروباری مینەوە بەسەر سێ‌ هەزار و 500 ناوچەی مەترسیدار دابەش كراوە.

روون كراوەتەوە، بەهۆیانەوە زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتی بوونەتە قوربانی، ڕۆژانەش بە بەردەوامی گوێبیستی هەواڵی نەخوازراوی ڕووداوی مین دەبین، كە كاریگەریی لەسەر لایەنی كۆمەڵایەتی و ژێرخانی  ئابووری و ئاوەدانكردنەوە هەبووە.

باس لەوەش كراوە، تەنیا لە ماوەی سێ مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنییانەی لە ناو براون، بریتی بووە لە دوو هەزار و 796 مین و تەقەمەنی كە هەر یەكێك لەو مین و تەقەمەنییانە، مەترسی بوون لەسەر گیانی چەندان هاووڵاتی.

لە راگەیەنراوەكەی دەستەی مین ئەوەش روون كراوەتەوە، كۆی ڕووبەری پاككراو لەو سێ مانگەدا، بریتی بووە لە 156 هەزار مەتر دووجا، دوای پاككردنەوەیان ڕادەستی خاوەنەكانیان كراونەتەوە بۆ نیشتەجێبوون و كشتوكاڵكردن، دەتوانرێ دووبارە وەبەرهێنانیان تێدا بكرێتەوە.

بەهۆی شەڕەكانی پێشووی عێراق و ڕێگری لە شۆڕشی كوردی، بەشێكی زۆری خاكی هەرێمی كوردستان مینڕێژ كراوە، لە ساڵی 2007وە دەستەی مین لە هەرێمی كوردستان دامەزراوە بە هاوكاری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، سەرقاڵی پاككردنەوەی خاكی هەرێمی كوردستانن.

 

ڕامان وریا