هەولێر -KDP.info- بڕیارە حەفتەی داھاتوو پێشانگای نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی لە شاری ھەولێر بەڕێوە بچێت و سەرپەرشتیاری پێشانگاکەش دەڵێت، شەش وڵاتی جیھان بەشداریی کارایان دەبێت و چەندین کۆمپانیای ناوخۆ و بیانییش لە پێشانگاکەدا بەشدارن.
سۆران قادر، سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ڕۆژانی ٢٤ تا ٢٦ی ئەم مانگە گەورەترین پێشانگای پیشەسازی و بیناسازی لە ھەولێر بەڕێوە بچێت و تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو کۆمپانیای بیانی و ناوخۆ بەشداری دەکەن، تا ئێستا ژمارەی کۆمپانیاکان بە دروستی دیار نییە، بەڵام زیاتر گەورەکۆمپانیای بیانین و لە شەش وڵاتی جیھانەوە بەشداریی کارایان دەبێت.''
سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر گوتیشی: "پێشانگای پیشەسازی و بیناسازی بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیای بیانییە بۆ ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکان دەیانەوێت کار بکەن لە ھەرێمی کوردستان و لەڕێگەی پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێرەوە ھەم دەرفەتی کاریان دەست دەکەوێت و ھەم فرۆشیان دەبێت.''
لەبارەی پێشانگای دیکەوە سۆران قادر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "تەنیا مانگی حەوت بەھۆی گەرماوە پێشانگا بەڕێوە ناچێت، لە مانگی داھاتووە تا کۆتاییی ساڵ پلان دانراوە بۆ کردنەوەی ژمارەیەک پێشانگای دیکەی نێودەوڵەتی و لە بوارە جیاوازەکاندا پێشانگا دەکرێنەوە.''
قائید میرۆ