Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی پێشوازیی لە ئەمینداری گشتیی حزبی ئەلئوممەی عێراقی کرد

هەولێر -KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە ئەمینداری گشتیی حزبی ئەلئوممەی عێراقی کرد و لەو دیدارەدا دوایین پێشهات و ڕەوشی عێراقیان خستە بەرباس و هیوایان خواست حکوومەتی داهاتووی عێراق خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی عێراق دابین بکات.

لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە ئامادەبوونی هۆشیار زێباری و، مەحموود محەمەد و، جەعفەر ئیبڕاهیم، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و چنار سەعد عەبدڵا و، ئەڤین هرووری، ئەندامانی سەرکرادایەتیی پارتی، پێشوازیی لە شاندێکی ''حزبی ئەلئوممەی عێراقی'' بە سەرۆکایەتیی ئەمینداری گشتیی حزبەکە، مەحموود حسێن ئەلعگیلی کرد.

لە دوای بەخێرهاتنی میوانان لەلایەن فازڵ میرانییەوە، تیشکیان خستەسەر ڕەوشی ئەمڕۆی عێراق و هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە ڕەوشی عێراق، فازڵ میرانی دید و بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستانی خستە ڕوو و ئاماژەی بەوەش کرد: ''ئەگەر لە عێراقی فیدڕاڵ نەخۆشی لە کەسێک بۆ کەسێکی تر جیاواز بێت، بەڵام لە خەم و ئاریشەکانی وڵات هاوبەشین و کاریگەریی لەسەر هەموومان جێ دەهێڵێت و دەبێت هەموومان بە یەکەوە کار بکەین بۆ خۆشگوزەرانیی گەلانی عێراق و سەربەخۆییی بڕیاردان لە عێراق.''

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''پەیوەندیی نێوان حزبی ئەلئوممەی عێراقی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێزە و ئەمینداری گشتیی پێشووی ''حزبی ئەلئوممە''، میسال ئالووسی ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاوی هەبوو لە دامەزراندن و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان.''

مەحموود حسێن ئەلعگیلی، ئەمینداری گشتیی حزبی ئەلئوممەی عێراقی سوپاسی مەکتەبی سیاسیی پارتیی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و، باسی لە ڕەوشی گەلی عێراق و ئەو نەهامەتییانە کرد کە تێیدا دەژین.

ئەمینداری گشتیی حزبی ئەلئوممەی عێراقی داوایشی کرد، کاری هەرە سەرەکیی حکوومەتی ئێستا و داهاتووی عێراق خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییانی عێراق بێت و، خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و هیوای خواست کوردستان هەر لە سەرکەوتندا بێت.