Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانتارێکی پارتی: لە چەند کاتژمێری داھاتوودا پێشنیاری نوێ بۆ ڕەوشی عێراق دەبێت

بەغدا -KDP.info- بڕیارە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان پێشنیارێک بۆ ڕەوشی عێراق بخەنە بەردەم لایەنە عێراقیەکان و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێت، پێشنیارەکە بۆ گەیشتنی چوارچێوەی ھەماھەنگی و ڕزگاری نیشتمانییە بە ڕێککەوتن.

سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نوێترین پێشھاتی ڕەوشی عێراق پێشنیاری پەرلەمانتارە سەربەخۆکانە و لە چەند کاتژمێری داھاتوودا پێشنیاری خۆیان دەخەنە بەردەم لایەنە عێراقییەکان، پڕۆژەکەیان بۆ گەیشتنی چوارچێوەی ھەماھەنگی و ڕزگاری نیشتمانی بە ڕێککەوتن لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقە و پێشنیاری دیکەش دەبن لە چەند ڕۆژی داھاتوودا.''

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت: "ھیچ شاندێکی پارتی بۆ دانوستان سەردانی بەغدای نەکردووە، چونکە ئەو ماوەیەی بۆ سەربەخۆکان دیاری کراوە ھێشتا کۆتایی نەھاتووە، چاوەڕێی لایەنەکان دەکەین بۆ دەستپێکردنی دانوستان.''

 

لەبارەی پێشنیاری چوارچێوەی ھەماھەنگی، سیپان شێروانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھیچ پێشنیارێک لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە نەکراوە تا ئێمە قسەی لەسەر بکەین، ھەر پێشنیارێک بخرێتە ڕوو ئەوە ھەموو لایەنەکان دەبێت ئاگادار بن و ھیچ پێشنیارێک نەگەیشتووەتە لایەنەکان.''

 

قائید میرۆ