Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەكانی چاكسازی 600 دۆسیەی سكاڵای خانەوادەی شەهیدانیان یەكلایی كردووەتەوە

هەولێر-KDP.info-  لە چوارچێوەی چاكسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، وەزارەتی شەهیدان لە ڕێگەی سێ لیژنەوە بەردەوامە لە چاكسازی لە دۆسیەی شەهیدان و ئەنفالكراون، زۆرینەی ئەو ناوانەی لە لیستی شەهیداندا ناشایستە بوون، بڕیاری كۆتایییان لێ دراوە.

شیرین ئیبراهیم، ڕاوێژكار و سەرۆكی لیژنەی سكاڵای چاكسازی لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "میكانزممان بۆ دۆسییەكانی شەهیدان داناوە و چاكسازی بە شێوەیەك بەڕێوە بچێت، تەنها مووچەبڕینی ئەو كەسانە نەبێت بە ناشایستە خزێندراونەتە ناو لیستی شەهیدانی سەربەرز، چەندان لیژنەمان هەیە لە تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەكان لیژنە لاوەكییەكان دۆسییەكان جیا دەكەنەوە و وردبینی لە دۆسیەی شەهیدانی سەنگەر و ئەنفال و كیمیاباران و جینۆساید و هاووڵاتی دەكەن و شایستە و ناشایستە دیاری دەكەن، ناشایستەكان فایلەكانیان بەرز دەكرێتەوە بۆ وەزارەت".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لەناو وەزارەتیش دوو لیژنەی تر هەیە، لیژنەیەكی تر بە دۆسییەكاندا دەچێتەوە، یان پەسەندی دەكەن، یان كەموكووڕییەكانیان چاك دەكەن و بەرزی دەكەنەوە بۆ لیژنەی سێیەم كە لیژنەی سكاڵا و سكاڵای چاكسازییە و خۆم سەرپەرشتیی دەكەم و جارێكی تر وردبینیی دەكەین و سكاڵای ئەو خانەوادانە وەردەگرین کە مووچەكانیان ڕاگیراوە، ئاخر پێداچوونەوە بە دۆسییەكاندا دەكرێت و بڕیاری كۆتایی لێ دەدەین و چاكسازی لە وەزارەتی شەهیدان زۆر باش بەڕێوە دەچێت".

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ناتوانین دوایین داتا بدەین لەسەر ڕاگرتن و بڕینی مووچەی ئەو كەسانەی ناشایستە بوون لە لیستی شەهیداندا و دۆسییەكانیان لادراوە، چونكە بەردەوام چاكسازی لە لیستی شەهیداندا دەكرێت و ئامارەكان لە گۆڕانكاریدایە، سكاڵامان بۆ دێت و چاكسازی هەنگاوی باشی بڕیوە و دۆسیەی ناشایستە لە لیستی شەهیداندا هەبووە بە شەهید تۆمار كراوە کە تەسفیە كراون و بڕیاریان لێ دراوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "كار لەسەر هەموو سكاڵاكان كراوە و وردبینیان بۆ كراوە و یەكلای كراوەتەوە كە 600 سكاڵا بەرز كراوەتەوە، پاش وردبینی لە سكاڵاكان بڕیاری كۆتاییان لەسەر دراوە، بەردەوامیشین لە وەرگرتنی سكاڵای ئەو خانەوادانەی مووچەی شەهیدانیان ڕادەگیرێت".

عەزیز ڕەسووڵ