Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوڵیزار سندی: ھەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق سیاسین

هەولێر -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە ھەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە سیاسین و دەڵێت، سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان دەرفەتی وەبەرھێنانی لە کەرتی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا گەورەکان داوە.

گوڵیزار سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھیچ  کۆمپانیایەکی بیانی لە ھەرێمی کوردستان نەکشاوەتەوە، کاتی خۆی لە پیرمام و مەقلوب کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل ھەندێک گەڕانی ھەبوو بەدوای نەوتدا، دواتر پشکەکانی خۆی دا بە کۆمپانیایەکی دیکە و لە عێراقیش لە چەند بلۆکێک کاری کرد و دواتر دای بە کۆمپانیایەکی دیکە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە وەک ئێستا ھەڵڵایەکی ڕاگەیاندنی بۆ کراوە، گوایە شەریکاتەکان دەکشێنەوە، نەخێر، بەس ئەو کۆمپانیایە بووە کە لە چەند بلۆکێک کاری کرد و دواتر داویەتی بە کۆمپانیایەکی دیکە و ئەوەیش ھی چەند ساڵ پێش ئێستا بووە و بەپێی گرێبەستیکی قانوونی کۆمپانیاکان و بە ئاگاداری حکوومەت بووە.''

لەبارەی ھەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقیشەوە سندی دەڵێت: "بەداخەوە ئەوەی دەکرێت بەتایبەت لە لایەن وەزیری نەوتی عێراق و ھەندێک لە سیاسییە عێراقییەکانەوە بە پشتیوانی دەرەکییە و جۆرێکە لە فشاری سیاسی کە دەیانەوێت لەسەر کوردستانی بکەن.''

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان دەڵێت: ''بەداخەوە ئێستا ھەندێک پەرلەمانتاری یەکێتی، یان لایەنەکانی دیکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەبێت دامەزراوە نەوتییەکانی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەڕێوە ببرێت، ئەمە دروست نییە و بەپێچەوانەوەی ئەو دەستوور و یاسایانەوەیە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و ئەم دامەزراوە نەوتییانەی کوردستان کە بەپێی دەستوور و قانوونی پەرلەمانی کوردستان کاری لەسەر دەکرێت ناکرێت دووبارە دژی ئەو یاسایانەی خۆت دەنگت لەسەریان داوە، بوەستیتەوە.''

گوڵیزار سندی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''بواری ئەمنی و ئارامیی کوردستان لەبارە و گرنگە بۆ ئەوەی شەریکاتی گەورەی بواری نەوت وەبەرھێنان بکەن لە کوردستان و بەشداریی کاک مەسروور بارزانی لە کۆنفرانسی وزە لە ئیمارات گرنگ بوو، چاومان لەوەیە کە ئیمارات و ئەو کۆمپانیا نەوتییە جیھانیانەی کە لە وڵاتانی عەرەبی کار دەکەن لە کوردستان ڕۆڵیان ھەبێت و ڕۆڵیان دیار بێت، گرنگە ئەو گرفتانەی لە بواری نەوت لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە لە چوارچێوەی یاسای نەوت و گازدا بە ھاوبەشی ھەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێت و ناکرێت ئەو بنەما ھاوبەشانەی لە بواری نەوتدا ھەیە لەلایەن بەغداوە بە تاکلایەن بڕیاری لەسەر بدرێت.''

قائید میرۆ