Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

''هێزەکانی پاسەوانیی سنوور لە نزیک ھروور جێگیر کراون''

دهۆک –KDP.info- لە پارێزگای دھۆک ھێزەکانی پاسەوانیی سنوور لە ژمارەیەک ناوچەی دھۆک جێگیر کران و سەرچاوەیەکیش ئاشکرای کرد، مەبەست لە دانانی ئەو خاڵانەی پاسەوانیی سنوور بۆ پاراستنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە لە پڕیشکی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە.

هەر لەم بارەیەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''ھێزەکانی پاسەوانیی سنوور لە ژمارەیەک خاڵی سەرەکیی ناوچە سنوورییەکانی دھۆک جێگیر کراون و لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا حەوت خاڵی سنووری ھێزی پاسەوانییان تێدا جێگیر کراوە و ئێستایش خاڵێکی دیکەی سنووری لە نزیک گوندی ھرووری قەزای ئامێدی جێگیر کراوە، کە دەکەوێتە نزیک گوندەکە و بەردەوام خەڵکی گوندەکە بەھۆی شەڕەوە زەرەمەند بوون.''

سەرچاوەکە گوتیشی: ''دانانی ئەو خاڵانە پاسەوانیی سنوور بۆ پاراستنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە لە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە، چونکە بەھۆی نزیکیی ھەندێک گوند لە شەڕەوە زۆر جار دەبنە قوربانیی نێوان ھەردوو لا، زۆرجاریش چەکدارانی پەکەکە لە گوندە ئاوەدانەکانی دھۆک نزیک دەبنەوە و بەو ھۆیەوە تورکیا بۆردومانی گوندەکان دەکات، بەو هۆکارەیش خەڵکی ناوچەکە ھەست بە مەترسی دەکەن، بەڵام جێگیرکردنی ھێزەکانی پاسەوانیی سنوور دەبێتە گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە و پاراستنی ھاووڵاتییان.''

قائید میرۆ