Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رەزامەندی لەسەر ١٠ ملیار و ١٣٢ ملیۆن دینار بۆ دھۆک درا

دھۆک-KDP.info- قایمقامی قەزای ناوەندی دھۆک رایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕی١٠ ملیار دیناری دیکەی بۆ دھۆک تەرخانکردووە، کە ٢٦ پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری پێ ئەنجامدەدرێت، کە ھەموو سێکتەرەکان لە خۆدەگرێت.

جەھوەر عەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "جگە لەو پڕۆژانەی لە ساڵی ڕابردوو لە دھۆک ئەنجامدران کە بەگوژمەی ١٢ ملیار دینار بوو، ئێستا رەزامەندی لەسەر ١٠ ملیار و ١٣٢ ملیۆن دیناری دیکە بۆ دھۆک دراوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە، کە ٢٦ پڕۆژەیە و پارەکە تەرخانکراوە و جگە لەوەش لیستێکی دیکەی پڕۆژە ئامادەکراوە و دەرخستەیان بۆ ئامادە دەکەین، کە ٢٠ ملیار دیناری دیکەمان بۆ تەرخانکراوە ئەوە بۆ قۆناغی دیکەیە، کە رەزامەندی سەرەتایی بۆ ئەوەش دراوە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمەش لە ڕێگەی بەشی ئەندازیاری و بەرێوبەرایەتیە پەیوەندیدارەکان ئامادەکاری خۆمان کردووە، ئەوانەش زۆرینەی دروستکردنی ڕێگا ناوخۆیەکان و گوندەکان دەگرێتەوە".

جەھوەر عەلی گوتیشی: "پڕۆژەکانیش کە ئەنجامدەدرێن ھەموو بەڕێوەبەرایەتی ئێمە لە سنووری دھۆک دەگرێتەوە، شارەوانی سەرەکی  و شارەوانیەکانی دیکە، وەکو زاویتە و مانگێشکێ و ڕێگای گوندەکان و ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا و پەروەردە".

ناوبراو وتیشی: "ئێمە کەموکوری زۆرمان لە ڕێگاکان ھەیە، بۆیە زیاتر جەخت لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژە بۆ ڕێگای گەڕەک و گوندەکان دەکەینەوە".

 

بڵند ئیبراھیم