Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھۆشیار سیوەیلی، بە ناوی سەرکردایەتی پارتیەوە سوپاسی ئەکایمیای کۆنراد ئادیناوەر (KAS)ی کرد

بەرلین-KDP.info- ھۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداری لە کۆنفڕانسی ساڵانەی کۆنراد ئادناوەر شیفتۆنگ کرد، لە ژێر ناونیشانی (بەشداری سیاسیی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا). کۆنفڕانسەکە لەسێ پەناڵی سەرەکی پێکھاتبوو، پەناڵی یەکەم بە ناونیشانی (پێگە و کاریگەریی پارتە سیاسیەکان لە ناوچەکەدا).

ھۆشیار سیوەیلی بابەتێکی پێشکەش کرد دەربارەی ڕۆڵی پارتی سیاسی لە ھەرێم و عێراقدا، بەڕێزیان جەختی لە ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەری پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە لە پەرەسەندن و فراوانکردنی بەشداری سیاسی و پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و حکومڕانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان. لە ھەمان پەناڵدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی باسی تەحەدا و کێشەکانی بەردەم گەشەکردنی دیموکراسی و دامەزراوە فەرمی و دەستووریەکان و گرفتی بەردەم داموودەزگاکان کرد و، گوتی، بۆ پەرەسەندن و گەشەکردنی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی پێویستە شەفافیەتی تەواو ھەبێت بۆ ئەوەی متمانەی نێوان گەل و دەسەڵات بپارێزێت و ھاوکاری و ھەماھەنگی بکرێت تاوەکو حکوومەت بتوانێت خزمەت بە وڵات و دانیشتوانەکەی بکات و سەروەری دەوڵەت و یاسا بپارێزێت. 

له‌ کۆتایی کۆنفڕانسەکەشدا بەشداربوان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیایان کرد و چاویان بە بەرپرسانی وەزارەت کەوت و بارودۆخی ئێستای ناوچەکەیان لەگەڵ تاوتوێ کردن، ھاوکات لەھەمان ڕۆژدا سەردانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیان کرد و چاویان بە لیژنەی دەرەوە و بەرگری پەرلەمان کەوت و گفتوگۆیان لەسەر دوایین پێشھات و بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و جیھان کرد، ھەروەھا جەختیان لە گرنگی ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوان حیزبە سیاسیەکان و پەرلەمان و حکوومەت کردەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیران و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و بەھێزکردنی داموودەزگاکانی دەوڵەت. 

شایانی باسە ئەکادیمیای کۆنراد ئادناوەر سەنتەری توێژینەوە و سینک تانکی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیایە و پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندیەکی بەھێزی لەگەڵیان ھەیە و ئەو حیزبە کاتێک خاتوو ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بوو ھاوکاری زۆری ھەرێمی کوردستانی کرد، ئێستاش پارتەکەی ھەرچەندە ئۆپۆزیسۆنە، بەڵام دۆستی کوردە و داکۆکی لە مانەوەی ھێزەکانی ئەڵمانیا دەکات لە ھەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییدا ھۆشیار سیوەیلی بە ناوی سەرکردایەتی پارتیەوە سوپاسی ئەکایمیای کۆنراد ئادیناوەر (KAS) کرد و دووپاتی کردەوە لە بەردەوامبوونی ھاوئاھەنگی نێوانیان.