Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە دھۆک دوو لیژنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی پێک ھاتوون"

دهۆک -KDP.info- لە سنووری پارێزگای دھۆک دوو لیژنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی پێک ھاتوون.

ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک ڕایگەیاند: ''لیژنەیەکی باڵا لەسەر ئاستی پارێزگای دھۆک بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی پێک ھاتووە و لایەنە پەیوەندییدارەکان تێیدا ئەندامن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئامادەکارییەکی بۆ زیانەکانی وشکەساڵی کردووە، لە دھۆک ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی بەرەنگاری کاریگەرییەکانی وشکەساڵی ببینەوە و ڕێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر.''

عەبدولمەجید عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''وشکەساڵی کاریگەریی لەسەر ڕێژەی ئاوی ژێرزەوی و بەرھەمی جووتیارانی سنووری پارێزگای دھۆک ھەبووە، ئەوەیش وای کردووە خواست لەسەر لێدانی بیری ئاو زیاد ببێت، نزمبوونی ئاستی ئاو جووتیارانی ناچار کردووە داوای لێدانی بیر بکەن، ھەندێک ھاووڵاتییش داوای لێدانی بیری بەدیل دەکەن، چونکە بیرەکانیان وشک بووە.''

عەبدولمەجید عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: ''لە دهۆک نزیکەی چوار ھەزار بیر لە ھەردوو جوری خواردنەوە و کشتوکاڵ هەیە، نزیکەی ١٥%ی خەڵکی دھۆک بۆ ئاوی خواردنەوە سوود لە ئاوی بیر وەردەگرن.''

بەپێی بەداواداچوونی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای دھۆک دوو ھەزار بیر بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە ھەیە و حەوت بیر وشک بوون و چوار سەد بیری دیکەش ترسیان لەسەرە.

قائید میرۆ