Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

''ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر قایمقامی عەنکاوەی ھەڵبژارد''

هەولێر – KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی ٥ی ٢٠٢٢، ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی بەڕێوە برد و لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ بە کاندیدی پارێزگای ھەولێر بۆ قایمقامی قەزای عەنکاوە درا و یەکەم قایمقام بۆ قەزای عەنکاوە ھەڵبژێردرا.

ڕامی نووری، قایمقامی عەنکاوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ساڵی ڕابردوو بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران شارۆچکەی عەنکاوە بڕیاری بەقەزابوونی دەر کراوە و پڕۆژەبڕیارێک لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئامادە کراوە، کە ژمارەیەک بڕیار لەبارەی تایبەتمەندیی عەنکاوە و ھەموو ناوچە کریستیاننیشینەکان دەر دەکرێن.''

قایمقامی عەنکاوە دەڵێت: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تایبەتمەندیی قەزای عەنکاوە بەرچاو دەگرێت و بەقەزابوونی عەنکاوە کاریگەریی لەسەر بەرەوپێشچوونی عەنکاوە دەبێت لە ھەموو ڕوویەکەوە.''

ڕامی نووری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''پاکێجێک بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی عەنکاوە ئامادە کراوە و بەسەر دوو کەرتدا دابەش کراوە، بەشێکی پڕۆژەکان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و بەشێکی دیکەش لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێن.''

قائید میرۆ