Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئاشتی کۆچەر: پارتی لە هەوڵدایە سەقامگیری بۆ شنگال بگەڕێتەوە

شنگال -KDP.info- لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەھۆی پێکدادانی نێوان ھێزە عێراقییەکان و چەکدارانی پەکەکە ڕەوشی شنگالی زیاتر ئاڵۆزیی بە خۆیەوە بینی و بەرپرسێکی پارتییش لە شنگال دەڵێت، پارتی دەیەوێت سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ شنگال.

ئاشتی کۆچەر، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ژمارەیەک ھێز خۆیان خزاندووەتە نێو دەڤەری شنگال و بەردەوام ئاڵۆزییان ناوەتەوە، بەتایبەتی ھێزەکانی سەر بە پەکەکە و ھەندێک ھێزی حەشدی شەعبی، ئەوەیش ھۆکارە ئاوارە ئێزدییەکان ناگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و لەنێو ١٤ کەمپی ھەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن، ڕێککەوتنی شنگال کراوە لەنێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و ھەرێمی کوردستاندا، ئێستا حکوومەتی کازمی دەیەوێت ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات و ئەو ھێزانەی ناشەرعین دەربکرێن.''

بەرپرسی لقی پارتی لە شنگال دەشڵێت: "ئاڵۆزییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شنگال ھێشتا بەردەوامییان ھەیە و تا ئێستا زیاتر لە ھەزار و ٧٠٠ خێزان ئاوارە بوون و گەیشتوونەتە پارێزگای دھۆک، بێگومان بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی شنگال زیانی زۆری دەبێت و ئێمە چاودێریی ڕەوشەکە دەکەین.''

لەبارەی هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ شنگال، ئاشتی کۆچەر ڕوونی کردەوە: "ئێمە وەک پارتی ھەر لەسەرەتاوە هەوڵەکانمان بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال بووە، لە شەڕی داعش شەھیدەکانمان گەواھیدەری ئەوەن کە پارتی چەند بەرگریی لە شنگال کردووە، ئێستاش هەوڵەکان بە ئاراستەی گەڕانەوەی سەقامگیرین بۆ قەزای شنگال و پاراستنی خەڵکی شنگال، واتە ئێستا لەلایەن پارتییەوە دانوستان و هەوڵ ھەیە بۆ ئەوەی ڕەوشی شنگال ئاسایی بکرێتەوە.''

 

قائید میرۆ