Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نیگەرانیی سەرۆک بارزانی گەورەترە لەوەی لە چوارچێوەی حیزبایەتییەوە بیری لێ بکرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنووس، کارزان سەباح ھەورامی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەردەکەوێت کە تا دێت دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو ئاڵۆزی و خراپبوون دەچێت، پەکەکە و پەیەدە بەرپرسیاری یەکەمن لەوەی بەسەر ئەو پارچەیەی کوردستان ھاتووە، لە دوایین دیداری خۆیدا لەگەڵ باڵیۆزی ڕووسیا، سەرۆک بارزانی باس لە نیگەرانییەکانی خۆی دەکات لەبارەی کوردانی ئەو پارچەیەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ئایاری ٢٠٢٢، لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆبوونەوەکە،‌ سەرۆک بارزانی تێبینی و نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی ئایندەی گەلی کورد لە سووریا بۆ شاندی میوان خستەڕوو.

لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا سەرۆک بارزانی سێ دەستپێشخەریی نوێی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کردووە کە ئەگەر لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەو ڕێککەوتنانەیان جێبەجێ بکردبایە،‌ دۆخەکە نەدەگەیشتە ئێستا، بەشێکی زۆری ناوچە ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئێستا لە دەستدراون، بەتایبەتی عەفرین و سەرێکانی و بەشێک لە شوێنەکانی قامشلۆ، بەگشتی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە خراپە و ئیدارەی شارەکان دراونەتە دەست کەسانی سەربازی، سەرجەم ئەو دەستپێشخەرییانەیشی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت، لەلایەن پەیەدەوە ڕەت دەکرێنەوە، ئەگەر ھاتبا و دەستێیشخەریی ئەوکاتەی سەرۆک بارزانی بۆ دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان وەک خۆی جێبەجێ بکرابایە،‌ ئێستا ئەوە ڕووی نەدەدا، کاتێک ساڵح موسلم، ھاوسەرۆکی پێشووی ''پەیەدە''‌ و بەرپرسی ئێستای پەیوەندییەکانی دەرەوەی ''تەڤدەم'' بۆ ڕوڵ و کاریگەریی سەرۆک بارزانی دەڵێت: ''سەرۆک بارزانی دەتوانێت بە پێگە و کاریگەریی و بە ‌پەیوەندییەکانی ڕۆڵی کاریگەری خۆی بگێڕێت لە کۆتاییھێنان بەو ھەموو کارەسات و شەڕ و ھێرشانەی کراونەتە سەر ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا''.

ئەگەر لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بگەڕێنەوە بۆ مێژوو لە کۆبوونەوەکانی (ھەولێر ١ و ٢، دھۆک ١)، سەرۆک بارزانی سەرجەم نەخشە ڕێگاکانی خستە ڕوو، بۆ دەربازبوونی قەیرانەکانیش نەخشە ڕێگای خۆی ھەبوو، مەگەر لەوێ سەرجەم حزبەکان ئاگاداری نەخشە ڕێگای بارزانی بۆ دەرچوونی کورد لەنێو زەلکاوی سووریا بە سەرکەوتوویی و کەمترین زەرەر و زیان نەبوون؟ ئەی بۆ جێبەجێ نەکرا؟ دواتر ئەمەریکا چەند ھەوڵێکی دا بۆ ئەوەی کوردانی سووریا لە چوارچێوەی پرۆژەیەکدا ڕێک بخاتەوە، بەڵام ئەوەش سەری نەگرت و دەرئەنجام لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا کادیر و ئەندامانی پەکەکە لە چوارچێوەی گەنجانی ''جوانی شۆڕش''، سەرجەم بارەگاکانی ھاوپەیمانیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە ‌سووریا (ئەنەکەسە)یان سووتاند و سەرجەم ئەو ھێزانەی لە ‌دەرەوەی بیرکردنەوەی پەکەکەن لە سووریا دوور خراونەتەوە و، ھەسەدە ڕۆڵێکی خراپ دەبینێت و ئەو متمانەیەی لە دەستداوە کە پارێزگاری لە بیر و بۆچوونە سیاسییەکان، یان حزبەکان بکات، بە بەرچاوی فەرماندەی باڵای ھەسەدەوە سەرجەم ئەو بارەگایانە دەسووتێنرێت، کەچی توانای پارێزگاریکردنی نییە، لەلای کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش خۆی وا وێنا دەکات کە نوێنەری سەرجەم خەڵکی ڕۆژئاوایە، ئەمە گفتوگۆی کوردی-کوردی لە پاشەکشەدا و ڕەنگ بێت دیوی پشتەوەی نیگەرانییەکانی سەرۆک بارزانی لەوەدا بێت کە چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان ھێشتا نادیارە، لە ‌ھەموویان ترسناکتر ئەم خاڵانەیە کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ‌زەقی دەبینرێن.

یەکەم: بەھۆی ته‌سفیه‌ حیسابی پەکەکە و پەیەدە سەرجەم ڕکابەرە سەرەکییەکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی چەوسانەوە بوون و بەر ھێرش کەوتوون، لە ‌ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بارەگاکانی ئەنەکەسە لە دێرکێ و قامشلۆ و سەرجەم شارەکانی دیکە سووتێنراون و سەرجەم بیر و بۆچوونە سیاسییەکان لە دەرەوەی بیرکردنەوەی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان خنکێنراون، پەکەکە پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووەتە قوربانی ڕقی سیاسی.

دووەم: دۆخی دارایی و ئابووریی ڕۆژئاوای کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە، ڕۆژانە خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازی ھەیە و بەھۆیەوە پەکەکە بەشێکی زۆری خەڵکی خستووەتە زیندانەوە، ھێزە چەکدارەکانی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و دەنگە ناڕازییەکان کۆ کردووەتەوە و ڕێگا بە ناڕازی نادات و پرسی ئیدارەدانی شارەکە وەک ڕقی سیاسی لێ ھاتووە و سەرجەم ئەو کەسانەی دوورن لە ئایدۆلۆژیای پەکەکە لە دامەزراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی گوشار دەبنەوە.

سێیەم: ڕۆژئاوای کوردستان بەھۆی سیاسەتی پەکەکەوە وەک کۆمپانیایەکی سکیوریتی بۆ بیرەنەوتەکان لەژێر دەسەڵاتی ئەمەریکا و تێکچوونی پەیوەندیی ڕۆژئاوا لەگەڵ ڕووسیا و دژایەتیکردنی تورکیا و نەبوونی ھیچ بنەمایەکی ڕێککەوتن لەگەڵ سووریا و دژایەتیکردنی باشووری کوردستان و دوورخستنەوەی ئەورووپا لە ڕۆژئاوا بەرنامەیەکی ترسناکە و پەکەکە بەرپرسیاری یەکەمە.

چوارەم: بەشێکی زۆری دەنگی ئازادی و میدیای ئازاد و چالاکیی سیاسی لە ڕۆژئاوا نەماوە و بەشێکی زۆری چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لە ترسی چەوسانەوە و ھەڕەشە، یان بەرەو باشووری کوردستان، یان ئەورووپا چوون و، بەمەش داھاتوویەکی ترسناک چاوەڕانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.

پێنجەم: دروستکردنی گرووپی چەکداری و داپڵۆسێنەر بە ناوی گەنجانی جوانی شۆڕش، کە بەکاریان دەھێنن لە دژی باشووری کوردستان و حیزبە سیاسییەکان و دروستکردنی گرووپی خۆپیشاندان و پەلاماری خەڵکی کە دواجار مەترسی زۆر ھەیە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان.

لە دەرەنجامی ئەو خاڵانەدا نیگەرانیی سەرۆک بارزانی لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت بە ‌ھەند وەربگیرێت و قسەکانی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە ڕۆژی ١٥ی ١ی ٢٠٢٢ لەبارەی پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەرخەری ئەوەیە کە لە ڕۆژئاوای کوردستان یارییەکی ترسناک دەکرێت. لاڤرۆڤ لە ھەمان ڕۆژ رایگەیاند: پرسی کورد لە سووریا یەکێکە لە ڕێگرییەکانی بەردەم دانوستاندنەکان، ھەرچەندە کورد لە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور ھەن، بەڵام ”نوێنەرایەتیی ھەموو لایەنە کوردییەکان ناکەن“. وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێک لە لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و لایەنگری ھێزەکانی ئەمەریکا کە دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا داوای گفتوگۆیان لەگەڵ ڕژێمی سووریا کرد، بەھۆی نەکشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکاوە، گرنگیدانیان بە دانوستاندن لەگەڵ ڕژێمی سووریا ڕاگرت.

لاڤرۆڤ جەختی لە گرنگیی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: ”ئەزموونی ھەولێر لە عێراق ئاسانکاری بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە سووریا دەکات“ و بە گرنگی زانیوە ھەرێمی کوردستان ئەزموونی خۆی پێشکەش بە سوورییەکان بکات.

لەسەر ئەو نیگەرانییانەی کە سەرۆک بارزانی لە داھاتووی ڕۆژئاوای کوردستان ھەیەتی،‌ عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە خۆیشی یەکێک لەو سەرکردانەیە وا گرنگی بە پرسی ڕۆژئاوای کوردستان دەدات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی: "پەکەکە بەداخەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی گوماناوی لەگەڵ وڵاتانی دیکە کۆنترۆڵی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و ڕێگای بە ھێزە ڕەسەنەکان نەدا و ھیچ ڕێککەوتنێکی ستراتیژی نەبووە بۆ پرسی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ سووریا و، لەگەڵ ئەمەریکا و ڕووسیاش ھیچ ڕێککەوتنێکی نەکردووە کە جێگای دڵخۆشی بێت، پەکەکە ڕێگای نەدا کورد ھیچ ڕێککەوتنێک بکات، بۆیە بە ئاسانترین شێوە بە ڕێککەوتنێکی دەرەکی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەگۆڕێت، خاڵی دواتر لە سیستەمی بەڕێوەبردنی ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان، نازانرێت ئەوێ کانتۆنە، یان فیدراڵییە، یان کۆنفیدراڵییە، ئەوانە خەریکی پارێزگاریکردنن لە بەشار ئەسەد و ئەویش وا خەریکە شوێنی خۆی دەکاتەوە لە ناوچەکەدا، بۆیە نازانرێت چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان چی لێ دێت و ئەمەش جێگای نیگەرانییە و پەکەکە دەیەوێت بە سیاسەتی خۆی شەڕی کورد بە کورد بکات".

عەلی عەونی گوتیشی: "پەکەکە ئامانجی ئەوە نییە قەوارەیەک بۆ کوردستان دروست بکات، ئەو وەکالەتی بەعس دەکات لەو ‌ناوچانە و بەشێک لە ناوچەکانی عەفرین و سەرێکانیی ڕادەستی تورکیا کردووە و خەریکە ڕێگا بۆ ھێزە بەعسییەکانیش دەکاتەوە، بەداخەوە دەیانەوێت خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بکەنە دژی باشووری کوردستان، ئەوەتا ھاتوون گەنجانی شۆڕشیان ھێناوە بۆ دەروازەکانی خۆیان و ڕۆژئاوا پەلاماری دامەزراوە مەدەنییەکان دەدەن".

ھەر دوای ڕێککەوتنی ھەولێر و دھۆک، پەکەکە بۆ ئەوەی لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان نەگەنە ڕێککەوتن، بەخێرایی دەستی کرد بە دژایەتیکردنی دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی و ھەوڵدان بۆ ئەوەی نەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، نیگەرانیی سەرۆک بارزانی لە پرسی ڕۆژئاوای کوردستان گەورەترە لەوەی لە چوارچێوەی حیزبایەتییەوە بیری لێ بکرێتەوە، ئەزموونی سەرۆک بارزانی لە سیاسەتی ناوچەکەدا گرنگە،‌ ئەگەر ھاتبا و ئەو ڕێککەوتنانە وەک خۆی جێبەجێ بکرابایە گۆڕانکاریی زۆر ڕووی دەدا.

حاکم حەمدی گلی، حاکمی پێشووی دادگای سەربازیی یەکێتی و یەکێک لە شارەزاکانی بواری ستراتیژیەتی سیاسیی ناوچەکە و کەسێکی شارەزا لە بابەتی سەربازی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، نیگەرانە و باس لەو بیرکردنەوەیەش دەکات کە سەرۆک بارزانی ھەیەتی بۆ دواڕۆژی ڕۆژئاوای کوردستان ‌و دەڵێت: "کاک مەسعود بارزانی باش لە ستراتیژییەتەکە تێ دەگات، ئەزموونی گەورەی ھەیە و سەرۆک بارزانی مارانگاز بووە لەوەی بەسەر کورددا ھاتووە، کاک مەسعود بارزانی ستراتیژیەتی کورد لە ناوچەکە ڕاست دەکاتەوە، ئەو دەستپێشخەرییانەی بارزانی کردی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گرنگ بوون، نەدەبوو لەناو ببرێن، بیرکردنەوەی کاک مەسعود بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گەلەک گەورەیە و تێ دەگات لە داھاتوو چی ڕوو دەدات".

حاکم حەمدی گلی گوتیشی: "بەداخەوە، تەمەنامان دەکرد دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان وەک باشوور بێت و پارێزگاریی لێ بکرێت، بەڵام دەرکەوت مەرکەزیەت لەوێ نەماوە ئەو نەخۆشییەی بەسەر زۆنی سەوز ھاتووە،‌ بەھۆی گوتاری پۆپۆلیستی و خراپ ئیدارەدانەوە ڕۆژئاوای کوردستانیشی گرتووەتەوە و ئێران و تورکیاش پلانی خۆیان ھەیە،‌ بەڵام پلانی بەھێز لە ڕۆژئاوای کوردستان نابینرێت، سەرکردایەتیی پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت سوود لە ئەزموونی باشووری کوردستان وەربگرن و دووبارەی ھەندێک شت نەکەنەوە،‌ بەڵام بەداخەوە خەریکە ئەوەی ئێمە نەمانکردووە، ئەوان دەیکەن بە خراپتریشەوە بە ته‌سفیه‌ حیسابی سیاسی و سووتاندنی بارەگا و دەرکردنی خەڵکی دیکە".

حاکم حەمدی گلی ئەوەشی خستەڕوو: "ناوچەکە لە دۆخێکی خراپدایە لەھەر ئەگەرێکدا بێت ڕۆژئاوای کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە بەھۆی سیاسەتی تاکڕەو و خۆسەپاندنی ھەندێک ھێزی سیاسی، بەتایبەت پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەگەر ئاگادار نەبێت کارەساتی گەورە دروست دەبێت و بەداخەوە لینکێک ھەیە لەناو پەکەکە لەگەڵ وڵاتانی ھەرێمی دەستی تێکەڵ کردووە و خەریکە کارەسات دەخوڵقێنێت، دواتر پەکەکە لە سووریا ڕانەوەستاوە و ھاتووە لە باشووری کوردستان دەیەوێت تورکیا بڕوخێنێت، ئەمە یارییەکی خراپ و ترسناکە و کارکردنە بۆ داگیرکاری کە پیلانێک ھەیە بۆ ھەڵوەشاندنەوە و تێکدانی باشووری کوردستان و دەبێت سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیاندا بکەن و پەیوەندییان لەگەڵ باشووری کوردستان باش بکەن، نابێت بەناوی دژایەتیی سەرۆک بارزانی و پارتییەوە بیانەوێت باشووری کوردستان بڕووخێنن ئەمە کارەساتە، دواجار دەرئەنجامیان نەمانە، نەک ئەوەی بیانەوێت کوردستان لەناو بەرن".

ناوبراو گوتیشی: "ئەم یارییەی پەکەکە زۆر ترسناکە و دواجار خۆی زەرەری لێ دەکات".