Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوتەبێژی پارتی: ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی خستەروو

ھەولێر-KDP.info- مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی خستەروو و رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا پرسی کۆنگرە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، بۆ ئەو ئاستەنگانەی کە هاتوونە پێش، هەروەها پرسی چاکسازی لەناو حکومەت، دوای گفتوگۆ بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە درا".

گوتیشی: "جگە لەو پرسانە هەندێک بۆشایی لە پۆستەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەبوو، لە ماوەی رابردوو چەند تێکۆشەرێکمان لەدەستدابوو، ئەندامانی یەده‌ک بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەوان دیارکران".

گوتەبێژی پارتی، گوتی: "سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ ئێمە وەک پارتی لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژارن لەکاتی خۆیدا بکرێت، هەروەها لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان لەسەر بنەمای پرسە نەتەوەیی نیشتمانییەکان و بەرژەوەندییە گشتییەکان هەبێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "دەربارەی دۆخی عێراق هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە لە سبەیەوە زنجیرەیەک کۆبوونەوە دەکرێن، بۆ ئەوەی ئەو داخراوەی لە پرۆسەی سیاسیی هەیە بکرێتەوە".

لەبارەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان مەحموود محەمەد رایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پڕۆژەی یاسایی هەیە بۆ بەرنامەی چاکسازی، پەرلەمان تەنیا بۆ ئەوە نییە هەڵبژاردن بکرێت یان نا، بۆیە ئێمە پێمان باشە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەردەوام بن و ئەو ئاستەنگانەی هەن بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن".

سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی 14ی پارتی ئاشکرای کرد: "بڕیار دراوە و دەسەڵات دراوە بە مەکتەبی سیاسی لیژنەکانی ئامادەکاری دەستبەکاربن، لە مانگی 10 تا 11ی ئەمساڵ کۆنگرە دەسبەستین".