Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا کرد

هەولێرـKDP.infoـ کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسیی کرد و لەلایەن سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا و باسیان لە دواین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کرد و، هاوڕا بوون لەسەر تێپەڕاندنی ئەم کێشە و ئاستەنگانەی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.

ئەمڕۆ ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٢، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی، پێشوازیی لە کلیمینس سمیتنر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان کرد و لە دیدارێکدا کە ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوو، سکرتێری مەکتەبی سیاسی بەخێرھێنانی مێوانی کرد و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی و باسی دوایین پێشھاتەکان و بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی کوردستان و ئەڵمانیای کرد و ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر تێپەڕاندنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پروسەی سیاسیی عێراق و دەرچوونی لە دۆخی چەقبەستوو و پێکھینانی حکوومەتێک کە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی ھاووڵاتییان و تەواوی پێکھاتەکانی عێراق بێت و جەختیان لە گرنگیی تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان کرد.

فازڵ میرانی سوپاسی پشتگیری و ھاوکارییە مرۆیی و سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستانی کرد، ھەروەھا سکرتێری مەکتەبی سیاسی جەختی لەوە کردەوە کە پارتی پاڵپشتی لە ھەڵبژاردنێکی شەفاف و سەرکەوتوو دەکات کە مافی خەڵکی کوردستانە و ھەموو لایەک بەرپرسیارەتییان لەسەر شانە بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی پرۆسەی دیموکراسی بەردەوام بێت.

دواتر، کۆنسوڵی ئەڵمانیا سوپاسی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی کرد بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی کە لێی کراوە و تەئکیدی کرد کە حکوومەتی ئەڵمانیا بەردەوام پشتیوانی لە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوی دواڕۆژێکی پڕشنگدار بۆ گەلانی عێراق فەراھەم ببێت و ئەمەش بە یەکڕێزی و لە یەکترتێگەیشتنی لایەنەکان دەبیت.