Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زانیاریی نوێ لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی عێراقەوە ئاشکرا دەکرێت

بەغدا-KDP.info- بڕیارە دوای جەژنی ڕەمەزان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ ببێتەوە و پەرلەمانتارێکی پارتییش هەنگاوەکانی داهاتووی پەرلەمان ئاشکرا دەکات.

د. سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕێ فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەرلەمانی عێراق دوای جەژنی ڕەمەزان کۆ دەبێتەوە و چەندین پڕۆژە ئامادەکارییان بۆ دەکرێت، تا لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەماندا ببنە کارنامەی پەرلەمان، لەوانیش پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک، کە ئەمانە دوو پڕۆژەی گرینگن بۆ ژیانی هاووڵاتییانی عێراق و، هاوپەیمانیی ڕزگاری نیشتیمان کار بۆ ئەوە دەکات لە دوای جەژن هەردوو پڕۆژەکە بخرێنە کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمانەوە.''

د. سەباح سوبحی ڕوونی کردەوە: ''هەندێ لیژنەی پەرلەمانیش ماون، ئەوانیش دوای جەژن یەکلا دەکرێنەوە، چونکە سەرەڕای ئەوەی پڕۆسەی سیاسی تا ڕادەیەک پەکی کەوتووە، بەڵام پەرلەمان دەست بە کارەکانی دەکاتەوە و بەردەوامی بە کۆبوونەوەکانی دەدات.''

 

قائید میرۆ