Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیاره‌كه‌ی حکوومەت کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.. ئه‌و کەلوپەلانە ھەرزان دەبن

دھۆک-KDP.info- سەرۆکی ژووری بازرگانی دھۆک گوتی، بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵگرتنی باج لەسەر ماددە خۆراکیە سەرەکیەکان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەو مەبەستە نوسراو بۆ خاڵە سنووریەکان کراوە و لیژنەش بۆ چاودێریکردنی نرخەکان پێکھێندراون.

ئەیاد حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵگرتنی باج لەسەر ماددە خۆراکیە سەرەکیەکانی پەیوەست بە ژیانی خەڵک زۆر کاریگەری ھەیە، بۆ ئەوەی نرخی کەلوپەلەکان ھەرزان بێت بە تایبەت لە مانگی ڕەمەزان کە ئەو ماددە خۆراکیانە پێداویستی سەرەکی ھاووڵاتیانن، وەکو گۆشت، برنج، ئارد، زەیت، نیسک، پاقلە، نۆک و شیری منداڵان، بۆیە حکوومەت نوسراوی بۆ ھەموو خاڵە سنووریەکان کردووە بڕیارەکە جێبەجێ بکەن و لە ١٦ی ئەم مانگەوە ھەر کەلوپەلێک بڕیاری لێ درابێت بێ باج دێتە ھەرێمی کوردستان".

سەرۆکی ژووری بازرگانی دھۆک گوتیشی: "ھەر کەلوپەلێکی تازە بێتە ھەرێم لە دوای ١٦ی مانگ پێویستە بە نرخێکی ھەرزانتر بفرۆشرێت لە بازاڕ، بۆ ئەو مەبەستەش لە ھەر پارێزگا و قەزایەک لیژنە دروستکراون لە لیژنەی چاودێری بازرگانی و ئاسایشی خۆراک و تەندروستی بۆ ئەوەی سەردانی کۆمپانیاکان و بازاڕیش بکەن کە کەلوپەل ھاوردە دەکەن بزانن بە چەند ھاوردەکراوە و بەچەند بفرۆشرێت، بۆیە چاودێری دەکرێت و لەمەودوا ئەو کەلوپەلانە نرخەکانیان دێتە خوارێ و ھەرزان دەبن".

 

بڵند ئیبراھیم