Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسرور بارزانی لە کەنداوەو بۆ ئەوروپا لە پێناو ستراتیژیەتی تازەی جیۆپۆلیتیکی وزە

د.محمد خدرمولود 

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دوای دڵنیابوونی وڵاتانی ناتۆ لەوەی کە مۆسکۆ دەستبەرداری هەڕەشەکانی نابێ وهێرشی سەر ئوکراینا لای بژاردەی هەرە بەهێزە، ئەوە بوو رۆژی 24-2-2022 هەموو پێشبینییەکان لەگەڵ لەشکرکێشی و تەقاندنی یەکەم گولە تۆپ و هاوەنی سوپای ڕووسیا هاتنە دی و پوتین بێ منەت لەم و لەو دژی ئوکراینەکان کەڕەنای جەنگی لێدا. 

دوای جاردانی شەڕی ڕووسیا لەو رۆژەوە هێرش و پەڵەماری بۆسەر ئوکراینا جیهان بە گشتی ووڵاتانی ئەوروپی بە تایبەتی لە بارودۆخێ دان کە دەرهاوێشتەی شەڕەکە بۆ ئایندەی ناوچەکە، جگە لەوەی پێشبینیکراو نییە، لێکەوتەی نەخوازراو و چاوەڕوانەکراویشی لێدەوەشێتەوە و مەترسییەکان و قەیرانی ئابووری و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان لەسەرووی هەمووانەوەش قەیرانی وزە و غازی ڕووسی بە تووندی لە دەرگای وڵاتانی ئەوروپی دەدەن بۆیە لە ئێستاوە کەوتوونە خۆ و لە خۆئامادەکردن دان تا لە قۆناغی دوای شەڕی سەر ئوکراینا جێگرەوەی وزەی ڕوسیا بۆ خۆیان دەستەبەر کەن و ئەوەندە منەتبارو چاو لە دەستی پوتین نەبن. 

ئەوەیە بارودۆخی سیاسیی و ئابووری ئەوروپا، دەکرێ بڵێین: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە چاوەڕوانی شەڕ و نا شەڕ و هەڕوگیڤدا تا هێڕش و پەلامارەکان بەرەو دەوروبەری کییڤی پایتەخت و خارکەفی دووەم گەورە شاری نیمچە گەمارۆ دراو و رۆژی 15-4-2022 رۆژی پێکان و نغرۆ بوونی گەشتیگەلی مەزنی سەربازی (مۆسکۆڤا) لە دەریای ڕەش و کەوتن و وێران بوونی شاری خودان پێگەی ستراتیژی ماریۆپۆڵ و، (ئەدێسا و لڤۆڤ)ی شارە هەرە دوورەکان لە بەرەی جەنگ و لە دۆڵی  دەمباسی گڕگرتووە چەندین جار و بە چەندین هێرشی مووشەکی کالیبەری دوور مەودا تۆپباران و مووشەک باران  بکرێن .

ئیتر ئەوروپیەکان چۆن دەبێ هەموو ئەگەرەکانی مۆسکۆ و پوتین لەبەر چاو نەگرن و مەترسییەکان بەهەند وەرنەگرن ..!! 

ئەی بارودۆخی سیاسیی و ئابووری هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لەسایەی ئەوەی لەوێ دەگوزەرێ دەبێ بەچ ئاراستەیەک دا گوزەربکا و دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی بۆ کوردستان و ناوچەکە چی بێ ..؟ 

لە کاتێکدا وڵاتی عێراقی بەناو خاوەن سەروەری وا بۆ چوار مانگ دەچێ چاوەروانی پێکهێنانی حکومەتی تازەیە و ئەوە ماوەی سێ مانگیشە دادگای فیدراڵی عێراق مەرەقی لە هەرێمی کوردستان گیر و خۆشکردووە و لەو نێوەندەدا هەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستانی بە ئامانج گرتووەو هەر جارێ بە ئاین و ئۆینێکی سیاسییەوە ئاستەنگ وئاریشە دێنێتە پێش پێشکەوتنە سیاسیی و ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم.

دادگای فیدراڵی عێراق لەوەتەی دامەزراوە و دەست بەکاربووە چاوپۆشی لە هەموو ئەو پێشێلە دەستوورییانە کردووە کە بەغدا دەرحەق بە هەرێمی کوردستان و خەڵکە تێکۆشەرەکەی ئەنجامی داوەو ڕۆژێک لەڕۆژان بە بەغدای نەگوتووە: بۆ بوودجە و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبڕی ..؟ بۆ مادەی 140 دەستاودەست پێ دەکەیت ..؟ بۆ پەرلەمانی عێراق یاسای نەوت و غاز پەسند ناکات .. ؟ 

هەر لە ماوەی ئاستەنگ و ئاریشەکانی ئەم دادگایە، بەمەبەستی پەکخستنی پرۆسەی سیاسیی و لەباربردنی پرۆسەی دامەزراندنی حکومەت تازەی عێراق، مووشەک بارانکردنی هەولێر و بۆردومانکردنی بە فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە لە لایەن هێزەکانی عێراقی لایەنگیری دەرەکی، ئەو جارەیان ئێران راستەوخۆ بە مووشەکی دوور مەودا بێ باک لەم و لەو بە بیانووی بێ پاساوی (عوزر لە قەباحەت گەورەتر) ماڵی هاووڵاتییانی  سڤیل و خانوون و ماڵی شێخ باز وەبەرهێنەری کورد و کەناڵی کوردستان 24 ی بە چەندین مووشەک کردە ئامانج.

لەم کەین و بەینە سیاسییەی ناوخۆ و دەوروبەردا و لە نێو فشارەکانی بەغدا و تاران و دارودەستە و پێوەند و وەکیلەکانییانەوە کە ماوەیەکە بەچڕی و بە مەبەست و ئامانجەوە هێرش و فشاری سەربازی و میدیاییان بۆ سەر هەولێری پایتەخت و، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەم کە بە کابینەی مل نەدان نەچەمانەوە بۆ هەژموون و فشارو ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان ناسراوە و هەرواش دەناسرێ کە شکست بە شکست دێنێ و بە ئیرادەی بەرزی نیشتیمانییانەوە تەلسمی پلان و دیفاکتۆ سەپێنراوەکانی ئەم و ئەوی ئێرە و ئەوێ تێکدەشکێنێ، ئەوا هەنگاوەکانی رێزدار مەسرور بارزانی پیاوە  ئاوریشمییە پۆڵاینەکە هەردەم ڕوو لە سەرکەوتن و پشت لە فشار و هێرش و پەلاماری میدیایی و هاش و هووش و فابریقەی درۆ و فیشاڵە.

ئەو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کۆردستان، پیاوە ئاوریشمییە پۆڵاینەکە هەر لەدوای کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە 21-2-2022 وە لە ئەوروپاوە بۆ کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی ئیمارات و قەتەر و بەحرەینەوە بۆ وڵاتانی تورکیا و بەریتانیا لە بزاڤی دبلۆماسی مەزن دایە بۆ بەهێز و پتەوترکردنی پێگەی هەرێمی کوردستانە لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی ئامادەکردنی کوردستان بۆ قۆناغی دوای نەفت و بە گرەنتی بوونی جیۆپۆلیتیک و جیۆپۆلیتیکی وزەی بێ سەر ئێشە.

ئەوەیان هاوکێشەی تازەیە (ئامادەکردنی کوردستانە، بۆ قۆناغی دوای نەوت) یا بۆ(قۆناغی شەڕی ڕووسیا و هێرشی بۆ سەر ئوکراینا، گەر شەرەکە تەشەنە بستێنێ و وڵاتانی دیکەش بگرێتەوە و درێژ خایەن بێ یا قۆناغی پاش ئەوە شەڕە) بێ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک جێگرەوەی ڕووسیا خۆی نمایش بکات یا ببێتە رکابەری وەک  هەندێ لە ناحەزان و دوژمنان بە ئەنقسەت وا وێنەی هەولێر پێشان دەدەن وەک جێگرەوەی  ڕووسیا و رکابەرو لایەنگیر لە شەڕەکە خۆی نمایش دەکا.

لەوەش دا دیارە مەبەستیانە دوژمن و ناحەز بۆ هەولێر و حکومەتی هەرێم زیاد بکەن و زێتریش دنە و وروژاندنی  بەغدا و تاران و مۆسکۆی پێ بدەن.

ئەو بزاڤە دبلۆماسی و سیاسی و ئابووریەی رێزدار مەسرور بارزانی لە میونشنی نێو جەرگەی هاوپەیمانیەتی ناتۆوە بۆ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی خاوەن بەهێزترین پێگەی ئابووری ووزە و سەقامگیری و بۆ وڵاتی تورکیای کەریدۆر بۆ ئەوروپا و بۆ وڵاتی بەریتانیای مەزنی زلهێزکە ماسییەکانی قوڵایی دەریاکانیش بێ ئاگاداری لەندەن گەرا دانانێن لە ئان و ساتێ دایە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش هەولێری پایتەخت لە بەردەم چەندین گرفت و ئاڵنگاری و ئاریشەی دروستکراوی ناوخۆو دەرەکی دایە کە هەموویان بە بەرنامە و پلان دانان پێشتر دارێژراون و قۆناغ بە قۆناغ وەک کارتی فشار پیادە کراون.

بەگشتی و لە کۆی ئەم ڕووداو بەسەرهاتانەی ناوچەکە و جیهان و ناوخۆدا بزاڤی دیبلۆماسی مەسرور بارزانی چۆن بزاڤێکی دبلۆماسی و ئایندەیی ئابووریییە بۆ ناوچەکە و جیهان ئەوا بۆ ئەم دەڤەرەش لە پێناو حکوومەت و کوردستانێکی بەهێزتر و ئارامتر و هەمیشە ئاوەدان و نیشتیمانی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئاینی جیا جیا دایە و هەڵگری پەیامێکی شاراوەیەشە و بەم و بەو دەڵێ: کوردستان و هەولێر پێگە و توانایان زۆر لەوە گەورەتر و بەهێزترە بە بریاری سیاسیی و بۆ مەبەست و ئامانجی سیاسی و بەناوی یاسا وعوزر لە قەباحەت گەورەتر کێشە و گرفتی بۆ دروست بکرێ ورێگای پێشکەوتن و گەشەسەندنی لێ بگیرێت. 

ئەم دەڤەرە سەرفرازە بە خوێنی شەهیدانی، بە ئەفسانەی خۆنەچەماندنەوەو قارەمانیەتی  پێشمەرگە و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و ئاین وئاینزاکانی ئەم دەڤەرە سەرفراز و خودان ئیرادە و ویست و خواست و ڤیانی خۆیەتی و بۆ سەربەخۆیی لە تێکۆشان دایە و مەحکومیی وسوخرەکێشی کەسی قبووڵ  نەکردووە و قبووڵی نییە و قبووڵی ناکات. 

هەولێر 20-4-2022