Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جەنان جەبار: تەنیا ١٧ خێزانی کریستیان گەڕاونەتەوە شاری مووسڵ

هەولێر -KDP.info- نوێنەرێکی کریستیانەکان ئاشکرای کرد، بەھۆی ناسەقامگیریی ناوچەکانیان کریستیانە ئاوارەکانی سەردەمی شەڕی داعش ئامادەی گەڕانەوە نین بۆ ناوچەکانیان و دەشڵێت، تا ئێستا تەنیا ١٧ خێزانی کریستیان گەڕاونەتەوە نێو سەنتەری شاری مووسڵ.

جەنان جەبار، نوێنەری کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئاستەنگ لەبەردەم ئاوارە کریستیانەکانی نەینەوا ھەیە و تا ئێستا ناوچەکانیان سەقامگیریی تێدا نییە، ئەوەیش ھۆکارە بۆ ئەوەی کریستیانەکان نەتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، جگە لە مەترسیی داعش گرووپە توندڕۆکانی عێراق زیاتر مەترسییان ھەیە لەسەر ھاووڵاتییانی کریستیان.''

ئەو نوێنەرەی کریستیان گوتیشی: "ئاماری جیاواز ھەیە لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی کریستیان، بەڵام ئەوەی ئێمە لەبەردەستمانە ڕێژەی گەڕانەوە وەک پێویست نییە، بۆ نموونە تا ئێستا ١٧ خێزانی کریستیان گەڕاونەتەوە نێو سەنتەری شاری مووسڵ.''

جەنان جەبار ڕوونی کردەوە: "بەشێک لە کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا بە ڕۆژ دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بەڵام کە شەو داھات لە ترسی ژیانی خۆیان ناوچەکە بەجێ دێڵن بۆ شوێنێکی ئارام، لە باتمایا و چەندین ناوچەی دیکە ئەو حاڵەتانە ھەن و پێویستە چارسەر بکرێن.''

قائید میرۆ