Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بۆچی پێكهاتەكان نابن بە هاوپەیمانی ئێوە؟

هاودەنگ فاروق

پێکهاتە ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کوردستان، به‌شێکی گرنگ و دانەبڕاویی له‌مێژینه‌ی کوردستانن. هه‌زاران ساڵه‌ لەسەر ئەم خاکە دەژین، به‌ها و کولتوور و بنه‌ما ئایینی و شوێنگه‌ی جوگرافی و شوێنەواری مێژوویی دێرینیان له‌ هه‌رێمی کوردستاندا پارێزراوە. 

لە ڕوانگەی پارتیەوە، ئازادیى ئایینى و فرەئاینزایی و نەتەوەیی، هەروا لێبورده‌یى و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردنى نێوان پێكهاته‌كان، ناسنامه‌ و كولتوورێكى دێرینى كوردستانه‌، پێویستە به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پارێزگاریی لێ بکرێت.

ئەو حزبانەی بەردەوام خەڵكیان لێ دوور دەكەوێتەوە و كورسییەكانیان كەم دەكات، دەیانەوێت تۆڵەی خۆیان لە كورسیی كۆتای پێكهاتەكان و ناوبانگی هەرێمی كوردستان و سیستەمی دیموكراسیی هەرێمەكە بكەنەوە. حزبە دۆڕاوەکان گوێ نادەن بەوەی تێكدانی ئەو سیستەمە چەندە كاریگەریی خراپ لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی كوردستان دادەنێت.

هەروەک قەت بیریش لەوە ناكەنەوە كە تێكدانی ئەو سیستەمە چۆن ناوبانگی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە ناشیرین دەکات و، دۆستەكانمان ئیحراج دەكات. تەنیا لە پێناو زیانگەیاندن بە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامادەن تاكو تەوقە سەری كورد ببەن بە قوڕدا. 

لەلایەكی دیكەشەوە، ئەوان كە داوای گۆڕین و لابردنی ئەو سیستەمە دەكەن، هیچ بەدیلێكیان پێ نییە و، پێمان ناڵێن كە پێویستە بەشداری پێكهاتەكان لە پارلەمان چۆن بێت؟ ئەوان تەنیا دەیانەوێت تێكی بدەن بێ ئەوەی چارەسەریان پێ بێت. بێ گوێدانە ئاسەوارەكانی ئەو تێكدانە، بۆیە پرسیارە هەرە گرنگ و سیاسییەكە لەو حزبانە ئەوەیە: ئایا باشتر نییە لەبری تێكدانی سیستەمێكی سەقامگیری پێكەوەژیان و شەرمەزاركردنی كورد، هەوڵ بدەن پێكهاتەكان بە بیروڕاكانی خۆتان قایل بكەن؟ ئاخر ئێوە كە ئەوان تۆمەتبار دەكەن بەوەی هاوپەیمانی پارتین، هەرگیز لەخۆتان پرسیوە بۆچی پێکهاتەکان نابنە هاوپەیمانی ئێوە؟

هەندێ حزبی بەرچاوتەنگ، ئەم پرسە پێش خولەکانی هەڵبژاردن دەجووڵێنن و داوای گۆڕینی فۆڕمی بەشداریی پێکهاتەکان دەکەن، کورسیی پێكهاته‌كان بۆته‌ گرێیەکی دەروونی بۆیان و، وەک منەت و سەدەقە بە چاویاندا دەدەنەوە، حسابی کەمینە و ژمارەی کورسییان لەگەڵدا دەکەن و، سیناریۆی جیاوازیش دادەڕێژن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شی توركمان و كلدان سریانی ئاشووری، كه‌ نه‌ته‌وه‌ی ره‌سه‌نی هەرێمی کوردستانن.

لەحاڵێكدا ئەگەر ئەوان دەخوازن براوەی هەڵبژاردنەكان بن، هیچ پێویستیان بەوە نییە پەنا ببەنە بەر ئەو گێرەشێوێنیانە. ئەوان تەنیا لەگەڵ لایەنگر و ئەندامەكانی خۆیان ڕووڕاست بن و، خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەن، دەنگی پێویست دەهێننەوە و نە پێویستیان بەوە دەبێ دوژمنایەتیی پارتی بكەن و نە دوژمنایەتیی پێكهاتەكان.