بەڕێزان/ خانەوادەی ھونەرمەند (ھاوتا ئەسعەد)
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی ھونەرمەندی ناوداری گەلەکەمان (ھاوتا ئەسعەد)مان بیست، بەو بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و کەس و کار و بنەماڵەکەتان دەکەین، ھەروەھا سەرەخۆشی لە ھونەرمەندی ئازیز (زیاد ئەسعەد) و سەرجەم ھونەرمەندان و ھەوادارانی دەنگی ھونەرمەندی خوالێخۆشبوو دەکەین و، خۆمان بەشەریکی خەمتان دەزانین.
ھونەرمەند (ھاوتا ئەسعەد) کە لە ساڵی ( ١٩٦١ ) لە دایک بووە و یەکێک بوو لەو ھونەرمەندە ناسراوانەی خاوەن دەنگ و سەدایەکی ھونەری تایبەتی خۆی بوو، لە ھەشتاکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە گۆرانی گوتن کردووە و خاوەنی چەندین بەرھەمی ھونەرییە و شوێنپەنجەی لەم رووەوە دیار و بەرچاوە.
(ھاوتا ئەسعەد) ھونەرمەندێکی تێکۆشەر بوو لە رێگای سرود و سترانە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیەکانیدا خزمەتی زۆری بە ھونەر و فۆلکلۆری کوردی و دۆزی رەوای گەلەکەمان کردووە.
ھیواخوازین ھاوخەمیی دڵسۆزان و ھونەرمەندان و دۆست و ئاشنایانی دەنگی ھونەرمەند ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووریتان و لە خەم و خەفەتتان کەم بکاتەوە.
جارێکی دیکە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین لە خەم و ئازار و کۆستی دیکە بە دوور بن و، لە خودای گەورە داواکارین گیانی کاکە ھاوتا بخاتە بەر رەحمەت و دلۆڤانی خۆی و بە بەھەشتی بەرینی شادبکات.
اناللە وانا الیە راجعون
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٨ـی نیسانی ٢٠٢٢