Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پرۆفیسۆر ساڵح مەلا عومەر: ئەوانەی پێداگری لەسەر گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن دەکەن لە پێگەی خۆیان دەترسن

هەولێر -PDK.info- پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەدین دواخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردنی بەپێچەوانەی پرۆسەی دیموکراتی وەسف کرد و دەڵێت، ئەوانەی لەسەر گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن پێداگری دەکەن، تەنیا ئاستەنگ دروست دەکەن لەبەردەم پرۆسەکە و لە پێگەی جەماوەریی خۆیان دەترسن.

پرۆفیسۆر ساڵح مەلا عومەر، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دیاریکردنی کاتی ھەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دوای لەبەرچاوگرتن و ھەماھەنگی و دانوستان لەگەل لایەنەکان بووە، ڕۆژی ھەڵبژاردن لەسەر ویست و ئارەزووی ھیچ حزب و کەسێک دیاری نەکراوە، پرۆسەیەکی دیموکراتییە و بۆ دەستاودەستکردنی دەستەڵات لە ڕێگەی ھەڵبژاردنەوە پێویستە، ئەو کاتەی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن دیاری کراوە، کاتێکی گونجاوە و لە کۆتاییھاتنی وادەی یاساییی خولی پەرلەمانی کوردستان نزیکە.''

ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان پێی وایە: "ئەگەر لایەنێکی سیاسی بیەوێت پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە نەچێت، ئەوە ئاشکرایە ئەو لایەنە ترسی لە دەنگی خەڵکی کوردستان ھەیە و نایەوێت گەل بڕیار لەسەر ڕادەستکردنی دەسەڵات بدات، یاسای ھەڵبژاردن ئامادەیە و پێشتر بە کۆدەنگی دەرکراوە، ئەگەر ئێستا لایەنێکی سیاسی بیەوێت بۆ گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن خۆی فەرز بکات، یان لە بەرامبەردا بڵێت بەشداریی ھەڵبژاردن ناکەین، ئەگەر یاساکە بەدڵی ئەوان ھەموار نەکرێتەوە، ئەوە عەقڵیەتێکی دیکتاتۆرییە و پێم وابێت ڕێزنەگرتنە لە دەنگی خەڵکی کوردستان.''

پرۆفیسۆر ساڵح مەلا عومەر دەشڵێت: "درێژکردنەوەی خۆڵی پەرلەمان ھیچ شەرعیەتێکی نییە، چونکە پێویستە خۆڵی پەرلەمان بە ھەڵبژاردن دیاری بکرێت، لە عێراق سەرەڕای ئەو ھەموو کێشانەی ھەیە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە چوو، درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان چارەسەر نییە و نابێتە بەدیل بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن، باشترین ڕێگە بۆ بەردەوامیی پرۆسەی دیموکراتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنە لە کاتی یاساییی خۆیدا.''

قائید میرۆ