Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵیۆزى پاكستان كرد

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2022/1/20 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ئه‌حمه‌د ئه‌مجه‌د عه‌لى، باڵیۆزى پاكستان له‌ عیراق كرد.

له‌ دیدارێكدا خواستى هاوبه‌ش بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پاكستان به‌تایبه‌تى له‌ بوارى بازرگانى، په‌روه‌رده‌یى و زانكۆییدا، ده‌رفه‌تى كار و سه‌رمایه‌گوزارى بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانى پاكستانى له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ڕه‌وه‌ند و ده‌ستى كارى پاكستانى له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ زۆر بوارى جیادا كار ده‌كه‌ن، تاوتوێ كران.

به‌ڕێز باڵیۆزى پاكستان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و بوارێكى باشى هاوكارى و چالاكیى بازرگانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نیازى وڵاته‌كه‌ى به‌ كردنه‌وه‌ى كونسلخانه‌یه‌ك له‌ هه‌ولێر نیشان دا و باسى له‌ ده‌رفه‌تى هه‌بوونى گه‌شتیى ڕاسته‌وخۆى ئاسمانى له‌نێوان پاكستان و هه‌رێمى كوردستاندا كرد.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌یى و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان دووپات كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌ ده‌رفه‌تى سه‌رمایه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانیى پاكستانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.