Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ KDP: بڕیاری گۆڕینی سەرۆکی زانکۆکان دەرکراوە

هەولێر-KDP.info- ژمارەیەک سەرۆک زانکۆ گۆڕدراون و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا ژمارەیەک سەرۆک زانکۆی نوێش دەستبەکار بن، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێ، گۆڕینی سەرۆک زانکۆکان لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازییە.

عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پلانی گۆڕینی سەرۆک زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، پێشتر بەشێک لە سەرۆکی زانکۆکان گۆڕدراون و بڕیارە ھەردوو سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێریش بگۆڕدرێن، هەروەها فەرمانی دەستبەکاربوونی دوو سەرۆکی نوێش بۆ ئەو دوو زانکۆیە لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە واژۆ کراوە.

بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت، ئەو سەرۆک زانکۆیانەی بەر گۆڕانکارییەکە کەوتوون، یان ماوەی یاسایی خۆیان تەواو کردووە، یانیش بە وەکالەت سەرۆکایەتیی ئەو زانکۆیانەیان بەڕێوە بردووە، لەبەر ئەوەش بڕیاری گۆڕینی سەرۆک زانکۆکان دەرکراوە.

د. عەبدولفەتاح ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پێشتریش ھەریەک لە سەرۆک زانکۆکانی ھەولێری پزیشکی و سۆران و دھۆک و زاخۆ و چەندین سەرۆک زانکۆی دیکەش گۆڕدراون لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییەی لە کەرتی خوێندنی باڵا دەستی پێکردووە، بۆ ئەوەی زیاتر گرینگی بە خوێندنی باڵا بدرێت و بە شێوەیەکی یاسایی سەرۆکایەتیی ئەو زانکۆیانە بەڕێوە ببرێن.

 

قائید میرۆ