Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گۆڕانکاریی لە کەرتی پەروەردەدا دەکرێت

هەولێر-KDP.info- پڕۆژەیاسای پەروەردە، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و بڕیارە لە مانگی ئاداری داھاتوودا پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکات، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردەش دەڵێ، بەپێی پڕۆژەیاسای پەروەردە، گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەییدا دەکرێت.

د. گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پڕۆژەیاسای پەروەردە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئامادە کراوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە لە پەرلەمان، بڕیارە دوای دەستپێکردنی وەرزی بەھارەی پەرلەمانیش لە سەرەتای مانگی ئاداری داھاتوودا، خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، ھەردوو لیژنەی یاسایی و پەرورەدەش سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتن لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە".

بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە گوتیشی، دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە، گۆڕانکاریی زۆر لە کەرتی پەروەردەدا روودەدات و ئەوەی تا ئێستا بە بڕیار و رێنمایی دەکرا، لەمەودوا بەپێی یاسا کەرتی پەروەردە بەڕێوە دەبرێت.

عوبێد ئاشکراشی کرد، بەپێی پڕۆژەیاسای پەروەردە، یەکێک لەو گۆڕانکاریانەی لە کەرتی پەروەردەدا دەکرێت، تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەییە، کە پێشنیاز کراوە لەنێو پڕۆژەکەدا قوتابی ٢٠ نمرە لە پۆلی ١٠ ی ئامادەیی و ٢٠ نمرەش لە پۆلی ١١ ی بۆ ھەژمار بکرێت و تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ لەسەر ٦٠ نمرە دەبێت، بەڵام شێوازی وەڵامدانەوە ھەر بە ھەڵبژاردن دەمێنێتەوە وەک ئێستا.

 

قائید میرۆ