Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵیۆزى سویسرا كرد

ھەولێر-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2022/1/20 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز لوكاس گاسه‌ر باڵیۆزى سویسرا بۆ عیراق و ئوردن و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ عه‌ممانه‌وه‌ كاره‌كانى به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

له‌ كۆبوونه‌یه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سویسرا تاوتوێ كرا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش جه‌خت له‌ گرنگیى كردنه‌وه‌ و ده‌ستبه‌كاربوونه‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌ له‌ به‌غدا كرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها باسیان له‌ پرۆسه‌ى سیاسى و دۆخى عیراق به‌گشتى كرد.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ فره‌ییى نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى له‌ عیراق ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ و گرنگه‌ عیراقییه‌كان بۆ پرۆسه‌ى سیاسیى وڵات بگه‌نه‌ لێكگه‌یشتنى هاوبه‌ش و حكوومه‌تى داهاتوو و پرۆسه‌ى سیاسى به‌گشتى كۆكه‌ره‌وه‌ و له‌ خزمه‌تى سه‌قامگیریى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندیى عیراق و هه‌موو پێكهاته‌كانى و له‌ ئاستى‌ ته‌حه‌دییه‌كانى به‌رده‌میدا بێت.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ گرنگه‌ له‌ عیراق سه‌قامگیریى سیاسى هه‌بێت و ڕێگه‌یه‌ك بۆ پێكه‌وه‌كاركردن و هاوبه‌شى بدۆزرێته‌وه‌ و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌تایبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كه‌ ئیراده‌ و بڕیارى سیاسى پێویسته‌، هه‌روه‌ها پابه‌ندى به‌ ده‌ستووره‌وه‌ بكرێت و فیدرالى بچه‌سپێت، كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش له‌ پشتیوانیكردنى عیراق به‌رده‌وام بێت.

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.