Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوتەبێژی حکومەت: ئەولەویەت لای حکومەتی ھەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچەیە لەکاتی خۆیدا

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەولەویەت لای حکومەتی ھەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچەیە لەکاتی خۆیدا، لەبارەی تەقاندنەوەی بۆری ھێڵی نەوتی کوردستانیش، رایگەیاند، حکومەت ھەڵوێستی زۆر روونی دەبێت لەوبارەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو رێککارانەی کە بۆ ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە تەواو بووە، پێشبینی دەکرێت بەیانی پێنجشەممە بێتە سەر حیسابی ھەرێمی کوردستان و ئەو وەزارەتانەی کە ماون سبەی مووچەی خۆیان وەردەگرن.

سەبارەت بە مووچەی مانگی ١ی ساڵی ٢٠٢٢ جوتیار عادل راشیگەیاند، بۆ مووچەی مانگی یەکی ٢٠٢٢، وەزارەتی دارایی روونکردنەوەی پێویست دەدات کە لە داھاتوودا چۆن دەست بە دابەشکردنی دەکات، ئەولەویەت لای حکومەتی ھەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچەیە لەکاتی خۆیدا.

ھەروەھا گوتەبێژی حکومەت لەبارەی تەقاندنەوەی بۆری ھێڵی نەوتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ھەر ھەوڵێک لەم چەشنەدا دژی بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەبێت، حکومەت ھەڵوێستی زۆر روونی دەبێت.

جوتیار عادل گوتیشی، ئەوەی کە پەیوەستە بە نەوتی ھەرێمی کوردستان جگە لە نەوتی کەرکووک، مانگانە ٤٠٠ تا ٤١٠ ھەزار بەرمیل نەوت بە نرخی دیلۆیت دەفرۆشرێتە بازاڕەکانی جیھان، ھاوکات ئەو نەوتەی بەغدا دەینێرێت لەسەر حکومەتی ھەرێم ٩٠ ھەزار دەکەوێت، کە ئێستا حکومەتی ھەرێم دابەشی دەکاتە سەر ھاووڵاتیانی.

سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی بە خێرای کۆرۆنا و ئۆمیکرۆن، جوتیار عادل روونیکردەوە، چاوەڕێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەکەین، وەک لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، حکومەت رێککار و بڕیاری پێویست لە داھاتوو دەردەکات و تەندروستی ھاووڵاتیان بۆ حکومەت جێگەی گرنگییە.

جوتیار عادل باسی لەوەش کرد، لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان دەستکراوە بە ئامادەکردنی بوودجەی ٢٠٢٢، ئەوەی لە دەسەڵات و ئیمکانییەتی حکومەت ھەبێت درێغی ناکەین لە دانەوەی پاشەکەوتی مووچە، دەبێت ھاوسەنگییەک ھەبێت، دەبێت خۆمان لەگەڵ داھات بگونجێنین.

 

ھەڵکەوت محەمەد