Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

" گۆڕانکاری لە ئیدارەی ھەولێر دەکرێت"

ھەولێر-KDP. info-  بڕیارە گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێردا بکرێت و سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتیش لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دەلێت" گۆڕانکاریەکە بەڕێوەبەری گشتی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان دەگرێتەوە.

کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" لیژنەیەک لە سەر ئاستی حکوومەت و حزب پێکھاتوە بۆ پێداچوونەوە بە گۆڕانکاریەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر و بڕیارە گۆڕانکاریەکە تا ئاستی بەڕێوەبەرە گشتییەکان و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و شارەوانییەکان بگرێتەوە.


سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دەڵێت" ئێستا ھەنگاوەکانی گۆڕانکاریەکە لە قۆتاغی کۆتایی دایە و لە چەند رۆژی داھات دەست بە گۆڕینی ژمارەیەک بەرپرسی ئیداری ھەولێر دەکرێت، چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە بەر گۆڕانکاریەکە دەکەون، ھەروەھا لەسەر ئاستی ھەر شەش بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ناو شاری ھەولێر گۆڕانکاری دەکرێت.
کەنعان خەیلانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" بەپێی یاسای ژمارەی ٣ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان گۆڕینی بەڕێوەبەری گشتی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە پەسەند دەکرێن، واتە ھەر بەڕێوەبەر و قایمقامێک بگۆڕدرێت پێویستە بۆ دانانی کەسانی نوێ بە دەنگی ئەنجوومەن بێت.
قائید میرۆ