Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پۆلیسی هەولێر: بەهۆی لێکۆڵینەوە لە دۆسیه‌ی یانەکانى شەوانە هیچ زانیارییەک بڵاو ناکرێتەوە

هەولێر-KDP.info- وتەبێژى پۆلیسی پارێزگاى هەولێر رایگەیاند، تاوانبارانى بردنى هەشت ئۆتۆمبێلەکەى هەولێر  دەستگیرکراون و تاوانبارى کوشتنى هاووڵاتییەکیش لە قەزاى عەنکاوە دەستگیرکراوە.

موقەدەم هۆگر عەزیز، وتەبێژى پۆلیسی پارێزگاى هەولێر ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "لە ساڵى 2021دا 79 تاوانى کوشتن رویانداوە و تا ئێستا توانراوە 78 بکوژ و ئەنجامدەرى ئەو تاوانانە دەستگیر بکرێن، کە ڕێژەى دەستکەوتن 99% بووە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بە هەماهەنگى تیمەکانى ئاسایش و هێزه‌كانی زێرەڤانى هەڵمەتى داخستنى یانەکانى شەوانەیان دەستپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە، بەڵام بەهۆی بوونى لێکۆڵینەوە لەو دۆسیانە، هیچ زانیارییەک بڵاو ناکرێتەوە.

وتەبێژى پۆلیسی پارێزگاى هەولێر باسی له‌وه‌شكرد، "شەوى رابردوو هاووڵاتییەک لە قەزاى عەنکاوە کوژراوە، دواى چەند کاتژمێرێک لە لێکۆڵینەوە توانرا بکەرى تاوانەکە ئاشکرابکرێت و دەستگیربکرێت". 

لەبارەى بردنی هه‌شت ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان به‌فێڵ، وتەبێژى پۆلیسی پارێزگاى هەولێر گوتی، "لە کۆی ئەو هەشت ئۆتۆمبێلە شەشیان دۆزراونەتەوە و تەنها دووانیان ماون، بەڵام بکەرى تاوانەکە کە دوو کەسی خزمى یەکترین هەردووکیان دەستگیرکراون".

 

ڕامان وریا