Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شارەوانیی ھەولێر: بەھۆی ئامادەکاریی پێشوەختەوە لافاوی ئەم جارە زیانی کەمتر بوو

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر گوتی، بەھۆی ئەوەی ئەم جارە ئامادەکاریی پێشوەختەمان کردبوو، زیانی لافاو کەمتر بوو و تەنھا ھەندێک زیانی ماددیی ھەبوو و زیانی گیانیی نەبوو و ئێستاش ٢٢ تیم ئامادەن لە ھەر شوێنێک پێویست بێت لە خزمەت ھاووڵاتیاندان و ئامادەکارییش کراوە بۆ ھەر لافاوێکی دیکە، ئەگەر ڕوو بدات.

سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر، عەبدولواحید ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێش ئەوەی ئەم شەپۆلی بارانە ببارێت، ئێمە وەکوو شارەوانیی ھەولێر ئامادەکاریی تەواومان کردبوو و سەرەمەنھۆڵەکانمان ھەڵگرتبوو و شەقامەکان و کەندەکانمان پاک کردبووەوە و کارەکانمان زۆر باش کردبوو و ئەو شەپۆلەی ئەم جارە وەکوو دوو شەپۆلەکەی پێشتر نەبوو کە لافاوێکی زۆر ھەستێت و زیانی ھەبێت و ئەوەی زیاتر زیانی بەر کەوتبوو، زیلان ستی بوو، کە ئاو چووبووە ناو ھەندێک ماڵ و مزگەوتێکەوە، بەڵام بەگشتی زیانەکان کەم بوون.''

عەبدولواحید ئەحمەد گوتیشی: ''ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە زیانی گیانیی نەبوو و تیمەکانی ئێمە بەردەوام لەئەرکدان بە دەزگا خێرخوازییەکانیشەوە، لەوانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و، بەردەوام کار دەکەن و لە ھەر شوێنێک پێویستی ھەبێت بە ھانای خەڵکەوە دەچن.''

ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: ''پارێزگار زیانەکانی ئەم لافاوە دیاری دەکات، بەڵام بۆ ھاوکاریکردنی خەڵک ھەموو ئالەتەکانی ئێمە لە خزمەت ھاووڵاتیاندان و ئێستا ٢٢ تیمی ئێمە لە ئامادەباشیدان و لە ھەموو ھەولێر بڵاوەیان پێ کراوە و کاری خۆیان کردووە و ئامادەکاریی باشیشمان کردووە بۆ ئەگەری ڕوودانی ھەر لافاوێکی دیکە.''

 

بڵند ئیبراھیم