Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

" دوو پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە ئامێدی تەواو دەکرێن"

ئامێدی -KDP.info- بڕیارە دوو پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە قەزای ئامێدی تەواو بکرێن و قایمقامی ئامێدیش دەڵێت، بەسەر خەڵکی کەمدەرامەتی سنووری ئامێدیدا دابەش دەکرێن و پڕۆژەکانیش لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێن.

وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی ٢٠١٣ ژمارەیەک پڕۆژەی ئاکنجیبوون لە سنووری پارێزگای دھۆک خرانە واری جێبەجێکردن بۆ خەڵکی کەمدەرامەتی سنووری پارێزگاکە، دوو لەو پڕۆژانە دەکەونە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئامێدی و ڕێژەیەکی باشیش کاری تێدا کراوە، بەڵام بەھۆی ھاتنی قەیرانی دارایی و شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشەوە کارکردن لەو دوو پڕۆژەیەدا ڕاگیرا.''

قایمقامی ئامێدی دەڵێت: "ئێستا حکوومەت دەیەوێت سەرلەنوێ کاریان تێدا بکرێت و ھەردوو پڕۆژەکە تەواو بکرێن، بڕیارەکە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی، ھەردوو پڕۆژەکەی ئامێدی تەواو دەکرێن.''

وارشین سەلمان ڕوونی کردەوە: "دوای تەواوبوونی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ئامێدی بە شێوەیەکێ یەکسان بەسەر خەڵکی کەمدەرامەتی سنووری ئامێدیدا دابەش دەکرێن و ٢٠٠ خێزان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون، کە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دروست دەکرێن، ئەمەیش ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەو خەڵکەی شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە.''

قائید میرۆ