مەخموور-KDP.info- ماوەیەکە ھێزە عێراقییەکان ڕێگری دەکەن لە گواستنەوەی کەلوپەل و خۆراک و میوە بۆ قەزای مەخموور، قایمقامی شارۆچکەی مەخمووریش دەڵێت، گەیشتووینەتە ڕێککەوتن و لە ڕۆژانی داھاتوودا بڕیار لەسەر قۆناغی دووەم دەدرێت، بۆ ئەوەی ئەو قەدەغەیە بە یەکجاری نەمێنێت.
ڕزگار محەمەد، قایمقامی مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەیەکە ھێزە عێراقییەکان ڕێگرن لە گواستنەوەی خۆراک و سەوزە و میوە بۆ سەنتەری قەزای مەخموور و، لە ڕێگەی بازگەی مەخموورەوە ڕێگری دەکرا لەو بازرگان و کاسبکارانەی ڕۆژانە کەلوپەل لە ھەولێرەوە ھاوردەی قەزای مەخموور دەکەن، ئەوەش ببووە جێگەی نیگەرانیی ھاووڵاتیانی مەخموور و پێداویستیی بازاڕی مەخموور، دوو جاریش خۆپێشاندان بەڕێوە چوو بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت کەلوپەل بچێتە نێو مەخموور".
قایمقامی مەخموور گوتیشی: "ئێمە وەک ئیدارەی مەخموور لەگەڵ سەرھەڵدانی کێشەکە بەردەوام لە ھەوڵدا بووین تا ڕێگە بدرێت کەلوپەل ھاوردەی قەزای مەخموور بکرێت و پێداویستیی بازاڕ پڕ بکرێتەوە، لە دوایین ھەوڵیشدا گەیشتینە ڕێککەوتن لەگەڵ ژووری ئۆپەڕاسیۆنەکانی نەینەوا کە ڕۆژانە بە شێوەیەکی سنووردار کەلوپەل و پێداویستیی بازاڕ بێتە مەخموور".
محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەوەی کراوە قۆناغی یەکەمە بۆ ھاوردەکردنی کەلوپەل، بەڵام قۆناغی دووەم ڕێگە دەدرێت بە شێوەیەکی گشتی پێداویستیی بازاڕ پڕ بکرێتەوە و ھیچ سانسۆڕێک نەمێنێت، بۆ ئەوەی ڕێگری نەکرێت لە ھێنانی کەلوپەل و خۆراک بۆ سەنتەری قەزای مەخموور".
قائید میرۆ