ساڵى تازه‌ى زایینى له ته‌واوى گه‌لى كوردستان، به‌تایبه‌تى له خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان، له پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان، هێزه ئه‌منییه‌كان، گه‌نجان و له كوردستانییانى ده‌ره‌وه‌ى وڵات، له گه‌لانى عیراق و له جیهان پیرۆز ده‌كه‌م، هیوادارم ساڵى خۆشى و كامه‌رانى و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كێشه و قه‌یرانه‌كاندا و كۆتاییهاتنى په‌تا و ناخۆشى بێت. ئومێد، ئاسووده‌یى، سه‌قامگیرى و پێشكه‌وتن بۆ مرۆڤایه‌تى له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جیهاندا به هۆى په‌تاى كۆڤید_19 و لێكه‌وته‌كانییه‌وه، دوو ساڵى سه‌ختمان به‌ڕێكرد. له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر به‌رده‌وام بووین، ڕووداو و به‌سه‌رهاتى دڵته‌زێنى كۆچ و كاریگه‌ریى خراپى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا و لافاومان بینى. هاوسۆز و هاوخه‌مى خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و هه‌موو ئه‌وانه‌م كه ئازیزانیان له ده‌ست دا و به ڕێزه‌وه یادیان ده‌كه‌ینه‌وه. سوپاسى گه‌لى كوردستان ده‌كه‌م كه به‌رگه‌ى قه‌یران و كێشه‌كانیان گرتووه.
تێبه‌ڕاندنى سه‌ختى و ته‌حه‌دییه‌كان، پاراستنى ماف و ده‌سكه‌وته ده‌ستوورییه‌كان و قه‌واره‌ى فیدرا‌ڵیى هه‌رێمى كوردستان، ئێستا و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ گه‌له‌كه‌مان، كار و به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌ش و یه‌كڕیزى و ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى له هه‌موو هێز و لایه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌خوازێت.
له عیراقیش به سوودوه‌رگرتن له هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو، هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌یه‌كى تازه، تێگه‌یشتنى واقعى و ئیراده‌ى جددى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، یه‌كترقبووڵكردن و هاوبه‌شیى ڕاسته‌قینه‌ى هه‌مووان له پرۆسه‌ى سیاسى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵات‌دا له‌سه‌ر بنه‌ماى دروست پێویسته، كه متمانه و ئارامى و سه‌قامگیرى بگێڕێته‌وه و به ژیان و گوزه‌رانێكى باشتر بۆ هه‌مووان له ئێستا و داهاتووى خۆیان دڵنیا بن.
سوپاسى هاوپه‌یمانى و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و دۆستان ده‌كه‌ین كه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆردا پشتگیرى و هاوكارییان كردین. چه‌مك و به‌هاى هاوبه‌ش كۆمانده‌كاته‌وه و پێكه‌وه ده‌بین. وه‌ك هه‌میشه ئاماده‌ى ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌شین و وه‌ك ئه‌ندامێكى كاراى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگیرى له عیراق و ناوچه‌كه ده‌مێنینه‌وه، هه‌رێمى كوردستانیش سه‌رزه‌مینى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى و فره‌یى ده‌بێت.
به ئومێد و گه‌شبینییه‌وه له ژیان و ساڵێكى تازه و داهاتوو ده‌ڕوانین و ساڵى نوێ له هه‌مووان پیرۆز بێت، هه‌ر شاد و سه‌ركه‌وتوو بن.
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2021/12/31