Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بەردەوام بەرەوپێشچوون

د. ڤیان سلێمان

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ساڵێکی تری تەمەنی کاری ڕێکخراوەیی بەڕێکرد و پێی نایە شەست و نۆهەمین ساڵەی دامەزراندییەوە، دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تایبەتمەند بە پرسی ئافرەت لەو کات و هەلومەرجە مێژوویی کۆمەڵایەتی و سیاسییەی گەلی کوردستان، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕاسپاردەی ڕابەری شۆڕشی ئازادیخوازی گەلی کوردستان (بارزانی نەمر)، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی بڕوابوون بە مافەکانی ئافرەت و متمانەکردن بە تواناکانی و پێویستی بەشداریکردنی لە بزاڤی ئازادیخوازی گەلەکەیدا؛ بۆیە نابێت هیچ یادکردنەوەیەکی ئەم ڕێکخراوە، بەبێ ناردنی سڵاو و درود بۆ ڕۆحی نەمری بارزانی باوک، تێپەڕێ.

ئەمڕۆ کە ساڵیادی شەست و نۆیەمینی یەکێتی ئافرەتان دەکەینەوە، پێموایە، کە ساڵیادی دامەزراندن، وێڕای پیرۆزبایی و بەرزڕاگرتن، پێویستە پێداچوونەوە و پلاندانان بۆ ئایندە، هاوکات دووپاتکردنەوەی سۆز و بەڵێن بۆ دەسگرتن بە ئامانجەکان و کۆشان بۆ بەدیهێنانیان بێت، هەربۆیە هەمیشە لەو ڕوانگەیەوە ساڵیادی ڕێکخراوەکەمان دەکەینەوە.

جیاواز لە ڕێکخراوەکانی دیکەی تایبەتمەند بە پرسی ئافرەت لە کوردستان، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ڕێکخراوێکی تەمەندارتر، بە ئەزموونتر، فراوانتر لەڕووی پێگەی جەماوەری لەناو ئافرەتان و ڕەنگە فرە لق و پۆپ تر لەڕووی ئامادەیی لە ڕووبەری جوگرافیدا، بێت، سەرباری ئەمانەش؛ یەکێتی ئافرەتان، وەک ئۆرگانێکی کۆمەڵایەتی و پرۆژەیەکی مەدەنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەهەر ڕێکخراوێکی دیکەی ئافرەتان ئەرکێکی قورستر و بەرپرسیاریەتی گەورەتری لە بەرامبەر پرسی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان و لە هەمبەر ئامانجەکانی پارتی وەک گەورەترین پارتی سیاسی کوردستان لە ئەستۆیە، بەوپێیەی یەکێتی ئافرەتان جێبەجێکاری ڕوانگەی دیموکراسییانەی پارتییە بۆ پرسی ئافرەت، بەو پێیەش دەبێت لەو ئاستەدا بێت، کە نوێنەرایەتی زۆرترین ئافرەتانی کوردستان بکا و کێشەکانی ئافرەت و پرسی ئافرەت بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە لە بەرنامە و دونیابینی ڕێکخراوەکەدا ڕەنگ بداتەوە، لەوێشەوە هەم ببێتە جێی هیوای ئافرەتانی کوردستان و هەم لە ئاستی خواستی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت.

ئافرەت ڕەگەزێکی سەرەکی پێکهێنەری کۆمەڵگەیە، بەو پێیەش لە هەموو پێکهاتە و توێژ و تەمەن و بوارێکی کۆمەڵگە بوونی هەیە. هەر بۆیە یەکێتی ئافرەتان ڕێکخراوی ئافرەتانی کوردستانە لە گشت توێژ و هەر ئاستێکی تەمەن و بوارێکی کار و بیروڕایەکی جیاواز لە هەر ڕووبەرێکی جوگرافی. لەو ڕوانگەوە، یەکێتی ئافرەتان پرسی ئافرەتانی کوردستانی وەک پرسێکی مرۆڤایەتی دوور لە هەر جیاکارییەک لەخۆگرتووەو خاوەنداری لە خواست و داواکاری و کێشە و داهێنان و سەرکەوتنەکانی هەموو ئافرەتانی کوردستان دەکات. 

کێشەکانی ئافرەت، قوڵ و فرەڕەهەندن، نادادییەکان بەرامبەر ئافرەت کولتوری و کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژین، کەناڵەکانی پەروەردە و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی لە خێزان، قوتابخانە، کۆمەڵگە ڕێوشوێنە ئاینییەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن. دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری و چەندین دەزگا و دامەزراوەی دیکە لەم پرسەدا هاوبەشیان هەیە، لەم چوارچێوەیەدا؛ ئەرکی سەرەکی ڕێکخراو هۆشیارکردنەوە و دروستکردنی فشار و هەماهەنگییە لەگەڵ تەواوی ئەو ناوەندانەی کە ئەرکدارن بەرامبەر پرسی ئافرەت. 

یەکێتی ئافرەتان لەو ڕوانگەوە لەم پرسە دەڕوانێت و لەژێر ڕۆشنایی ئایدیا جیهانییە پێشکەوتووەکان بە تایبەت بزووتنەوەی فیمینیزم، بەڵام هەڵقوڵاو لە خودی کێشەکانی ئافرەتانی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردستانی لە پرسی ئافرەت و پەیوەندی نێوان هەردوو ڕەگەز دەڕوانێ و هەموو ئەو جیاکارییە جێندەرییانە ڕەت دەکاتەوە کە لەسەر بنەمای جیاوازی ڕەگەزی کە سروشتکردە دروستکراون و بەهۆیەوە ئافرەت ستەمی لێکراوە و لە زۆر بوار و پیشە دوور خراوەتەوە و ئەوەش لە چاو ڕەگەزەکەی دیکە بە پاشی خستووە. هەربۆیە یەکێتی ئافرەتان، لە ڕوانگەی خوێندنەوەی زانستی بۆ کێشەکانی ئافرەتانی کوردستان و سەرچاوەی نابەرابەرییەکان، لە گشت بوارەکانی پەیوەندار کار دەکات، بێ سڵکردنەوە و بە دەنگی بڵند داکۆکی لە ئەرک و ماف و لێپرسراوەتی یەکسان بۆ ئافرەت دەکا لە بواری تایبەت و گشتی و لە خێزانەوە تا هەموو ئاستەکانی دەسەڵات، هەموو ئەو ڕوانگە ئایدۆلۆژی و نەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتیانە ڕەت دەکاتەوە کە پێگەی یەکسان بە ئافرەت ڕەوا نابینن، وەک ئەرکی سەرەکی ڕێکخراوەیی لە ڕێگەی کەناڵی جۆراوجۆرەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و دروستکردنی فشار بۆ پراکتیکردنی مافەکانی ئافرەت و نەهێشتنی توندوتیژی و بوون بە خاوەنی داهاتی سەربەخۆ و تواناسازی هەمەلایەنەی ئافرەتان دەدات.

خاڵێکی دیکەی جیاکەرەوە یاخود تایبەتمەندییەکی دیکەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان؛ ئەوەیە کە ئەم ڕێکخراوە هیچ کات خۆی لە پرسە سیاسییەکان نەبواردوە و وەکچۆن لە ڕابردوودا بەشێک بووە لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، لە ئێستاشدا خۆی بە ئەرکدار دەزانێت لە هەر پرسێکی سیاسی کە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و ئەزموونە دیموکراسییەکەی تیابێ، لەو چوارچێوەیەدا بڕوای بە زەرورەتی بەشداری کارا و یەکسانی ئافرەت لە کایەی سیاسی وەک کایەیەکی هەرە سەرەکی کۆمەڵگە هەیەو کار دەکات، بۆ ئەوەی کارەکتەری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا خاوەن بوونێکی ڕاستەقینە بێ و ئافرەت ئەندام و کادری کارا و بە توانای حزب بێت و حزبیش شانازی بە بوونی زۆرترین توانای ئافرەت لە ڕیزەکانیدا بکات.

هاوکات بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە بەرەنگاری هەموو ئەو ئاڕاستە و بیروڕایانە ببینەوە، کە مەبەستییانە بێ هیوایی و ڕەشبینی بڵاو بکەنەوەو ڕای گشتی دژی دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی هەرێمی کوردستان هان بدەن، لەو چوارچێوەیەشدا سەرجەمی بەهاکانی نەتەوە و سەروەری و پیرۆزی و دەسکەوتەکان نادیدە دەگرن و خەڵک لە نیشتمان دەتۆرێنن، کە بێگومان ئەوە زەنگی مەترسییە لەسەر ئێستا و ئایندەی کوردستان و پێویست دەکات کە بەرەنگاری ببینیەوە.

بە شێوەیەک کار دەکەین کە ئافرەتان وەک دایک و وەک ئافرەت ڕۆڵی کاریگەریان لە شکستپێهێنانی ئەو ئاڕاستانە و پاراستنی ئینتیمای نەتەوەیی لای تاکی کورد هەبێت، چونکە بەدرێژایی مێژوو ئەوەی گەلی کوردستانی هێشتۆتەوە پابەندی و خۆشەویستی تاکەکانی ئەم نەتەوەیە بووە بە خاک و نیشتمان، کە ئافرەتانی کوردستان ڕۆڵی سەرەکییان تێیدا هەبووە. دەمانەوێت وزە و توانای ئافرەتی کورد بۆ پشتیوانی ئەم ئەزموونە و بەهێزکردن و زیاتر شکۆداربوونی هەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا هەمیشە و بە بەردەوامی لەژێر گوتار و پەیامی پێشڕەو و ڕبەری گەل (سەرۆک بارزانی) پارێزەری ئەزموونی هەرێمی کوردستان و خەمخۆری ئایندەی کوردستان دەبین.