Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەبەر دوو ھۆکار جموجۆڵی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەزیادبووندایە

ھەولێر -KDP.info- لە ھەرێمی کوردستان بەھۆی کەمبوونەوەی کاریگەریی نەخۆشیی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە جووڵەی بازرگانی بەردەوام لەزیادبووندایە و ئەمساڵ بە رێژەی ٤٠% زیادی کردووە و بەردەوام کار دەکرێت بۆ ئەوەی زیاتریش بێت.

سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان، دکتۆر دارا جەلیل خەیات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دۆخی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان زۆر باش بووە و بەردەوام لەزیادبووندایە بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ کۆرۆنا کەم بووە و نرخی نەوتیش بەرز بووە و کاریگەریی قەیرانی دارایی کەم بووتەوە، بۆیە جووڵەی باش ھەیە و کار دەکرێت بۆ ئەوەی زیاتریش بێت و ھیوادارین ساڵی نوێ کارەکان رێکوپێکتر جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین رێژەکە بۆ ئاستێکی بەرز زیاد بکەین، چونکە ھاتنی شاندی بیانی و بەشداربوون لە پێشانگاکان وای کردووە، زیاتر دۆخی بازرگانی باش بێت.''

دکتۆر دارا جەلیل خەیات ڕوونیشی کردەوە: ''ھاتنی شاندی وڵاتان بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و دێن کاری بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و بڕیاریشە ھاتنی شاند بەردەوام بێت و ئێمەش ھەموو ئاسانکاری و ھاوکارییان دەکەین بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن.''

هەر لەم بارەیەوە، ڕاوێژکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فەتحی مەجید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونی کردەوە: ''ئەمساڵ جموجۆڵی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی ٤٠% زیادی کردووە، ئەمەش بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێتەوە، کە بریتین لە کەمبوونەوەی کاریگەریی نەخۆشیی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی کاریگەریی قەیرانی ئابووری بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە.''

فەتحی مەجید ڕوونیشی کردەوە: ''بازرگانییەکەش زیاتر بەھۆی ھاوردەکردنی کەلوپەل و پێداویستیی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانەوەیە، بۆیە وای کردووە کە جموجۆڵی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەزیادبووندا بێت.''

 

بڵند ئیبراھیم